دووبەردانی: رەنگە پارتی لە پرۆسەی سیاسی پاشەكشە بكات

:: PM:11:57:18/03/2024 ‌

ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەم هەنگاوی گەورە و كردەنی لە دژی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق هاوێشت، لە رێگەی بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمانتارێكی پارتی باسی هۆكارەكانی ئەو هەڵوێستەی پارتی دەكات، دووپاتی كردەوە كە ئەگەری هەیە لە هەنگاوی دووەم پارتی لە پرۆسەی سیاسی بكشێتەوە.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پارتی هەنگاوی یەكەمە و رەنگە هەنگاوی داهاتوو كشانەوە بێت لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، حكوومەتی فیدراڵی بە شێوەیەكی ناوەندی مامەڵە دەكات، جیا لەوە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی نادەستووری بوون، بەتایبەتی پێوەست بە هەڵوەشاندنەوەی كورسیی كۆتاكان و دەستوەردان لە پرسەكانی هەرێم و هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و دابەشكردنی بازنەكانی دەنگدان.

روونی كردەوە، دامەزراوە دادوەری و جێبەجێكردن و یاسادانانەكانی هەرێم دەستوورین و ناكرێ لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە هەڵوەشنێندرێنەوە، چونكە ئەوە كاری دادگاكە نییە و عێراق وڵاتێكی فیدراڵییە و فەرمانڕەوایەتیی ناوەندی و دەسەڵات و باڵادەستیی بەغدا بەسەر هەرێم و پارێزگەكان كۆتای هاتووە.

دووبەردانی دووپاتی كردەوە، لە سایەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی قەوارەی هەرێمی كوردستان بەرەو نەمان بوو، دوایین دەستوەردانی دادگاكە لە مووچەی فەرمانبەران بوو، كە سەرەڕای ئەوەی پشكی هەرێم لە بودجە دیارە، بەڵام حكوومەت بودجەی رەوانە نەكرد، نەوتی هەرێمیش لە دوای بڕیاری دادگاكانی پاریس و فیدراڵی دەدرێتە سۆمۆ، بابەتی خەرجییەكان جێبەجێ دەكرێت و دیوانی چاودێری داراییش چەند مانگێكە بەدواداچوون بۆ داتای وەزارەتەكان دەكات. 

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی روونی كردەوە، وەزارەتی دارایی عێراق خەریكی دابەشكردنی مووچەی مانگی سێیە لە عێراق، كەچی فەرمانبەرانی هەرێم سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، لە سایەی بڕیارە ستەمكارەكان بەرانبەر بە هەرێم گەیشتینە ئەو قۆناغەی ئێستە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل