ئامینا زكری: پارتی هەر بەهێزی یەكەمی كوردستان دەمێنێتەوە..بەڵام بۆ ئەم بڕیارەی دا؟

:: AM:01:15:19/03/2024 ‌
ئامینا زكری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەژێر ناونیشانی "بڕیارەكەی پارتی بۆ؟" نووسینێكی بڵاو كردووەتەوە و تیشكی خستووەتە سەر هۆكارەكانی بڕیارەكەی ئەمڕۆی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەرێگەی بەیاننامەیەكەوە دای و دووپاتیشی كردووەتەوە كە ئێستەیش بڕوامان بەخۆمان و گەلەكەمان هەیە بەهێزی یەكەمی كوردستان دەمێنینەوە. 

لە نووسینەكەی ئامینا زكری هاتووە، پارتی دیموکراتی کوردستان بڕوای ته‌واوی بەخۆی و گەلەکەی هەیە؛ کە چۆن لە ساڵی 1992ـه‌وه‌ تا ئێستا لەسەرجەم هەڵبژاردنەکاندا خەڵکی کوردستان متمانەیان بەپارتیمان بەخشیووە، ئێستاش بڕوامان بەخۆمان و گەلەکەمان هەیە کە به‌ هێزی یەکەمی کوردستان ده‌مێنینه‌وه‌، تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستمی دیموكراسی و فيدراڵی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نا دەستووری و نا دیموكراسی؛ ئەمڕۆ بڕیاری بەشداری نەکردن لە هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان دا.

لە نووسینكەی ئەم ئەندامەی مەكتەبی سیاسی زیاتر هاتووە، ڕوون و ڕەوایە پارتی بەشداری پرۆسەیەک ناکات کە بونیادەکەی نایاسایی و نادەستووری بێت و هەڕەشەیەک بێت بۆ لە ناوبردنی سیستەمی دیموکراسی هەرێمی کوردستان، کە پارتی و سەرۆک بارزانی بناغەكه‌یان داڕشتووە، ئەم پەیامە سیاسییەی پارتیش بابەتە سەرەکییەکە هەڵبژاردن نییە، بەڵکو هەڕەشەکانە بۆ لەناوبردنی سیستەمی فیدراڵییەت و بە مەرکەزیکردنی عێراق و پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکانی ئێمە وعێراق و به‌رجه‌سته‌كردنی مەبدەئی تەوافق و تەوازن و شەراکەت.  

"دژایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی جەنابی "مەسروور بارزانی"ـش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەیە کە بەچڕی گیراونەتە بەر بۆ لەناوبردنی حکوومەت و لاوازکردنی و نەهێشتنی؛ لەڕێگای مەلەفی نەوت و بڕینی سەرچاوەکانی داهات و چارەسەر نەکردنی کێشەکان و ڕێز نەگرتن لە ڕێکكەوتنەکان و جێبەجێنەکردنی یەک خاڵیش له‌م ڕێككه‌وتنانه‌ لێیان." لە درێژەی نووسینەكەی ئامینا زكری هاتووە. 

ئامینا زكری زیاتر نووسیوویەتی، بڕیارە سیاسی و نادەستوورییه‌ یەک لە دوای یەکەکانی دادگای نادەستووری بەناو فیدراڵی؛ بوونەتە هۆی پێشێلکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەشێوەیەك دادگا خۆی خستووەتە پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، هه‌روه‌ها هەندێك دەسەڵات و تایبەتمەندی بەخۆی داوە کە لە دەستووردا بۆی دیاری نەکراوە، به‌م هه‌نگاوانه‌ی بووه‌ته‌ دادگایەکی دژە کوردستانی، قین لەدڵ، بۆیه‌ بڕیارە سیاسییەکانی هیچ نرخێکییان نییە. 

لە درێژەی روونكردنەوەیدا "ئامینا زكری" هۆكاری بڕیارەكەی پارتی روونتر كردووەتەوە و نووسیوویەتی، پارتی لەم پرسەدا سنوورێک دادەنێت بۆ ملهووڕی و بڕیارە نایاساییەکانی ئەم دادگایە، ئەگەر کەسێک لە عێراقدا هه‌یه‌ و لە خەمی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتەکەدایە، دەبێت بەدەم مافەکانی گەلی کوردستانەوە بێن و چیتر قبووڵنەکرێت بەم شێوە نادەستوورییە خەڵکی کوردستان برسی بکرێت؛ بە پێچەوانەوە سنوورێک دانەنرێت بۆ دادگاکە لەهەنگاوەکانی داهاتوودا عێراق دەکەوێتە تونێلێکی تاریک و بارەکەی بەهیچ لایەک ڕاستناکرێتەوە، بریاری گەورە و سەختیش بە کەسی گەورەو حزبی گەورە دەدرێت و ئەم مەسئولییەتە لەئەستۆی پارتییە نەک کەسی تر. 

لە كۆتایی نووسینەكەدا، ئەم ئەندامەی مەكتەبی سیاسی ئاماژەی داوە كە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لەبەردە مەسئولییەتی مێژوویی و نیشتیمانیدان؛ له‌م ڕوانگه‌وه‌ لەبەردەم دوو ڕێگادان و ڕێگای سێیەم نییە، یان لەگەڵ خەڵک و مافی خەڵک و پاراستنی هەرێمی کوردستان دەمێننەوە، یان دەچنە ڕیزی ئەوانەی خەون و خولیایان لەناوبردنی هەرێم و لەناوبردنی خەونی مێژوویی شەهیدان و خەڵکی هەرێمی کوردستانە.


وشە - پۆڵا مەحموود