هەورامی: ئەمڕۆ كۆبوونەوەم لەگەڵ 27 كونسوڵ كردووە و ناچینە هەڵبژاردنێك نەخشەی پێشوەختەی هەبێت

:: PM:08:06:19/03/2024 ‌
هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ 27 كونسوڵ كۆبووەتەوە و ئەوان باوەڕیان وایە دەبوایە دوو ساڵ و سێ‌ ساڵی پێشوو هەڵبژاردن بكرابوایە، بەڵام بڕیاری دەستوەرانی ناوخۆی كوردستان رەت دەكەنەوە.

هێمن هەورامی رای گەیاند، بڕیار وەرگرتن لەناو پارتی تاوتوێ‌ دەكرێت، دواتر كە بووە بڕیار دەبێتە بڕیاری هەموو پارتی، نەك ئەم و ئەو "پارتی وەك حزبی تر نییە".

هەروەها باسی لەوە كرد، رای پارتی لەمڕۆوە بە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەگەیەنرێ‌، بەڵام رەتی كردەوە جارێ‌ هیچ بڕیارێك درابێت تا شاندی پارتی رەوانەی بەغدا بكرێت و گوتی، لە پڕۆسەی وەرگرتنی بڕیارین كە شاندی پارتی بچێتە بەغدا یان نا.

لەبارەی مووچەیش گوتی، ئەوەی بەغدا بەرانبەر كوردستان دەیكات، سیاسەتی برسیكردنە و ئەو كێشەیە دەبێت لە رێی یاسای بودجەوە چارەسەر بكرێت.

لە كەناڵی نالیا دیمانەكەی هێمن هەورامی بڵاو كراوەتەوە، پرسیاری لەوە لێ‌ كرا كە وڵاتان نیگەرانن لەو بڕیارەی پارتی، هەورامی گوتی، تەنیا ئەمڕۆ نزیكەی 27 كونسوڵی بینوە و كۆبوونەوەی كردووە و ئەوان لەگەڵ ئەوەن سێ‌ ساڵ لەمەوبەر هەڵبژاردن بكرابوایە، ئێستەیش رەتی دەكەنەوە دەستوەردانی ناوخۆ هەبێت. لە كۆتاییشدا ئاماژەی بەوە كرد، پارتی ناچێتە هەڵبژاردنێكەوە كە پێشوەختە نەخشەی بۆ دانرابێت.


وشە - وشه‌