ئیسرائیل زیاتر لە 10 بەرپرسی باڵای بزووتنەوەی حەماسی كوشتووە

:: PM:08:22:19/03/2024 ‌

لە دوای هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بۆ سەر ئیسرائیل و كوشتنی زیاتر لە هەزار ئیسرائیلی و بەدیلگرتنی نزیكەی 150ی تر، شەڕێكی سەخت لە كەرتی غەزە بەردەوامە و ژمارەی كوژراوانی فەلەستینی گەیشتووەتە سەرووی 30 هەزار كوژراو و دەیان هەزار بریندار، بەپێی راپۆرتەكان ئیسرائیل تا ئێستە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای حەماسی كوشتووە.

لە دوایین پرۆسەی كوشتنی بەرپرسانی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەم دواییە سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە فایەق مەبحووح، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ناوخۆیی حەماسی لە نەخۆشخانەی شیفا لە رۆژئاوای غەزە كوشتووە.

بەر لەویش سوپای ئیسرائیل كوژرانی مەروان عیسا، جێگری فەرماندەی گشتیی كەتیبەكانی عزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماسی لە غەزە كوشت، كە یەكێك بوو لە پلانداڕێژەرانی هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی رابردووی حەماس.

ئەیمەن نەوفەل، ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازیی كەتیبەكانی قەسام و فەرماندەی لیوای ناوچەی ناوەڕاستی كەرتی غەزە، لە 17ی تشرینی یەكەمی رابردوو كوژرا. 

ساڵح عارووری، جێگری سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس لە 2ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لەلایەن سوپای ئیسرائیل باشووری بەیرووت كوژرا.

سەمیر فەندی، بەرپرسی ئۆپراسیۆنەكانی حەماس لە باشووری لبنان، عەزام ئەقرەع، دامەزرێنەرێكی كەتیبەكانی قەسام، ئەوانیش لە 2ی كانوونی دووەم لەگەڵ عارووری كوژران.   

ئەحمەد بەحر، سەرۆكی كاتیی ئەنجوومەنی یاسادانانی فەلەستین و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حەماس بوو و لە 17ی تشرینی دووەم لە بۆردمانێكی ئیسرائیل كوژرا.

جەمیلە شنتی، پەرلەمانتارێكی حەماس و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەكەیە لە 18ی تشرینی دووەمی رابردوو كوژرا. 

ئەیمەن سیام، فەرماندەی سیستمی مووشەكی كەتیبەكانی قەسام لە 26ی تشرینی دووەمی رابردوو كوژرا.

ئوسامە مەزینی، سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای حەماس بوو لە 21ی تشرینی یەكەم كوژرا. 

ئەحمەد غەندوور، ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازیی كەتیبەكانی قەسام و فەرماندەی لیوای باكوری غەزە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە كوژرا.

جیا لەوانە ئیسرائیل بەدوای كوشتنی هەریەك لە محەمەد زیف، فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماس و یەحیا سنوار، سەركردەی حەماس لە كەرتی غەزەیە، كە لای ئەو داواكراوی یەكەم و دووەمن و بە پلانداڕێژەری هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی رابردوویان دەزانێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل