چاودێران: جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی سیاسی عێراق دەخاتە ناو پشێوییەوە

:: PM:10:45:19/03/2024 ‌


بایكۆتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئاماژەكردنی بۆ كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، وای كرد كە بابەتی خۆدزینەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حكوومەتی عێراق لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی سیاسی بێتە پێشەوە، چاودێران پێیان وایە جێبەجێنەكردنی بڕگەكانی ئەو رێككەوتنەی بووە بنەمای پێكهاتنی حكوومەتی سوودانی، عێراق دەخاتە ناو پشێوییەوە.

چاودێران پێیان وایە لە حاڵەتی كشانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، وڵات بەرەو دۆخێكی نادیار هەنگاو دەنێت، بۆیە پێویستە پێش لە كێشەكان بگیرێت، دووپاتیان كردەوە كە لایەنی پێكهێنەری حكوومەتەكان لە بەغدا بەدوای كڕینی كاتەوەیە، بەڵێن دەدات و دوای ئەوە خۆی لە جێبەجێكردنیان دەدزێتەوە.  

چاودێران زیاتر لەوە ئاماژە دەكەن كە جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكان ئەنجامی كارساتباری دەبێت و دەبێتە هۆی رووخانی پرۆسەی سیاسی، هەمووان دەزانن حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی چۆن پێكهات، دوای كشانەوەی 72 پەرلەمانتاری سەدر لە پەرلەمان، چۆن عێراق لە سەپاندنی بەندی حەوت بەسەریدا نزیك بووەوە، بۆیە پێویستە عاقڵمەندان لە هەموو لایەنە سیاسییەكان چارەسەری كێشەكان بكەن و بەسەریان باز نەدەن.

شایەنی باسە دوای بڕیارەكەی دوێنێی پارتی بە بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئاماژەكردن بۆ كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە شاندێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی سەردانی بەغدا دەكات، بۆ باسكردنی ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی دوێنێ بۆ حزبەكانی بەغدا، بەتایبەتی لایەنەكانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، باسی جێبەجێكردنی دەستوور و رێككەوتنی سیاسییان لەگەڵدا دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل