مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی پیرۆزبایی به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی نوێی كوردی 2724 بڵاوكرده‌وه.
له په‌یامه‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان هاتووه، به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی نوێی كوردی 2724، گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م كوردستانییان، به‌تایبه‌تی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و كه‌س و كار و بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ده‌كه‌م و هیوای شادی و كامه‌رانییان بۆ ده‌خوازم.
" نه‌ورۆز بۆ خه‌ڵكی كوردستان، هه‌میشه هێمای سه‌ركه‌وتن و ئازادی و وه‌ستانه‌وه بووه به‌ڕووی سته‌مكار و زۆرداران و ده‌ستپێكی ژیان و سه‌رده‌مێكی نوێیه." سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان وای نووسیوه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، ڕێز و پێزانینی زۆرم بۆ خه‌ڵكی خۆڕاگری هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، كه به‌داخه‌وه بوونه‌ته قوربانیی گه‌مه‌ی سیاسیی هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، بازرگانی به مافه ده‌ستووری و شایسته داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه ده‌كه‌ن، به‌ڵام دڵنیاین دواجار خواست و ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان له پێناو ژیانێكی ئازاد و سه‌ربه‌رزانه هه‌ر سه‌رده‌كه‌وێت. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی كۆتاییهاتنی هه‌موو ناخۆشی و سته‌م و بێدادییه‌ك بێت كه به‌رانبه‌ر گه‌لی كوردستان ده‌كرێت.