قەڵای كەركووك ئاهەنگی نەورۆز لە ئامێز دەگرێت

:: PM:07:17:20/03/2024 ‌

سبەی نەورۆزە، جەژنی نەتەوەیی كورد و سەرەتای وەرزی بەهار و ژیانەوەی سروشتە، بۆ كورد بریتییە لە جەژنێكی مێژوویی، بەهۆی گەورەییەكەیەوە بووەتە سەرەتای ساڵی كوردی و هەموو ساڵێك كورد یەك دەخات و بەیەكەوە ئاهەنگی تیادا دەگێڕن، بۆ ئەمساڵ قەڵای كەركووك ئاگری نەورۆز و ئاڵای كوردستان لە ئامێز دەگرێت.

ئەم ئێوارەیە سەتان هاووڵاتی كورد بە بەشداری پێكهاتەكانی تری شارەكە، ئاگری نەورۆزیان لەسەر قەڵای كەركووك كردەوە و بە شایی و هەڵپەڕكێی كوردی بە بەشداریی ژمارەیەك بەرپرسی شارەكە و عێراق، لەوانە شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و بە بەرزكردنەوەی ئاڵاكانی كوردستان و عێراق ئەو جەژنەیان پیرۆز كرد. 

خالید خورشید، یەكێك لە ئاهەنگگێڕان گوتی، ئاهەنگگێڕانی ئەمڕۆمان لەسەر قەڵای كەركووك، پەیامێكی خۆشەویستی و ئاشتییە بۆ مانەوەی كەركووك وەك دڵ و قودسی كوردستان و تەنانەت وەك شاری هەموو پێكهاتەكانە، ئاهەنگگێران بە نەورۆز، واتە سەركەوتن بەسەر ستەم و ستەمكاری.

شایەنی باسە ئەمشەو لە تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی تری كوردستان ئاهەنگی نەورۆز ساز دەكرێت، تیایدا ئاگر دەكرێتەوە و ئاڵای كوردستان بەرز دەكرێتەوە، خەڵكەكە بە شایی و هەڵپەڕكێ خۆشی خۆیان بە سەركەوتنی كاوەی ئاسنگەر بەسەر زووحاك و دەست پێكردنی رۆژێكی نوێ لە مێژووی كورد دووپات دەكەنەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل