بە فەرمانی سەرۆك بارزانی شوقە بەسەر زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی دهۆك دابەش دەكرێ

:: PM:01:47:21/03/2024 ‌
سەرچاوەیەك لە پارێزگای دهۆك ڕای گەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی 117 شوقە بۆ زیانلێكەوتوانی لافاوەكەی دهۆك تەرخان كرا.

رۆژی سێشەم 19ی ئادار، بەهۆی شەپۆلێكی چڕی باران، لافاو لە دهۆك و زاخۆ دروست بوو، بەهۆیەوە سێ‌ كەس خنكان و ژمارەیەكی زۆری گەڕەكەكان زیانی زۆری مادیان پێ گەیشت. 

سەرچاوەیەك لە پارێزگای دهۆك بە كەناڵی كوردستان24ی گوتووە، دوای ڕووداوی لافاوەكەی دوو ڕۆژی ڕابردوو لە دهۆك، كە زیانێكی زۆری بە هاووڵاتییان گەیاند، سەرۆك بارزانی بڕیاری دا قەرەبوویان بكاتەوە بەیەكەی نیشتە جێبوون كە 117 شوقە لە خۆ دەگرێت.

هاوكات نەوزاد هلوری پەیامنێری "وشە" زانیاری ئەوەی وەرگرت كە بڕیارە سەعات دووی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك بكرێ‌ بۆ ئەوەی میكانیزمی دابەشكردنی ئەو شوقانە دیاری بكرێ‌.

لە خولەكی یەكەمی لافاوەكەوە، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەگەڵ فەرمانگەكانی حكوومەت لەسەر هێڵ بووە بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت بە ناوچەكە بكەن. 






وشە - وشه‌