یەكێتی مامۆستایانی ناڕازی بەكاردێنێ‌

:: PM:03:07:21/03/2024 ‌

 

لەكاتێكدا بەغدا مووچەی بەشێكی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی نەناردووە و هەموو مانگێكیش قوت و مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایانیش دوادەخات، بەڵام مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی بەهۆی ئەوەی مەیلیان بەلای عەرەب و بەغدایە هیچ هەڵوێستێكیان بەرانبەر بەغدا نییە و بێدەنگن.

مامۆستایانی ناڕازی لە ماوەی رابردوودا كە مووچە چووەتە سەر بەغدا بۆ یەك رۆژیش خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجامنەداوە لەبەرانبەر ئەو سیاسەتەی بەغدا لە دواخستن و نەدانی مووچەكانیان، هەمووان دەزانن مووچە لە دەستی حكوومەتی هەرێم نەماوە، بەڵام ئەوان خۆیان بۆ بەغدا یەكلاكردووەتەوە.

حەسەن مارف مامۆستا، بە "وشە"ی راگەیاند، لە راستیدا مادام مامۆستایان بە دەنگی بەرز دەڵێن دژی دواخستن و نەدانی مووچە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەردەبڕین و ئەوە قەبووڵ ناكەن مووچەكانیان دوابكەوێت، باشتربوو لەبەرانبەر ئەو ستەمەی بەغداش هەڵوێستێكیان هەبوایە، خۆیان باش دەزانن مووچەی فەرمانبەران لە لایەن بەغداوە دەدرێت و دوادەخرێت و ناینێرێت، بەڵام لەئاست ئەو مامەڵەی بەغدا بێ هەڵوێستن رەنگە لەبەر دۆستەكانیان بێت كە لەبەغدا هەیانەو زوو زوو سەردانیان دەكەن.

روونیشی كردەوە كە ئەوەی مامۆستایان دەیكەن بانێكە و دووهەوایە، هەر نەبێت یەكجاریش داوایان نەكرد و هەڵوێستیان بەرانبەر بەغدا نەبوو بڵێن بە بەغدا مووچەكان بنێرە و بۆچی دوای دەخەن.

كاوە ئەحمەد مامۆستای زانكۆ، بە "وشە"ی راگەیاند، هەرچی ناڕِەزایەتییەك لە سلێمانی ئەنجامبدرێت یەكێتی دەستی خۆیەتی، بۆیە ئەوان مادام بڕیاری عێراقیبوونیان داوە كەواتە شتێكی ئاساییە هەموو شتێك بكەن لە پێناو بەغدا، یەكێتی چۆنی بوێت ئەوانە بەكاردەهێنێت.

تەحسین محەمەد چاودێر و چالاك، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوە بۆ خۆی وەڵامێكی باشە بۆ مامۆستایان، لەوەتەی مووچە لای بەغدایە هەر فریای ئەوە دەكەون بچنە سەر شەقام و خۆپێشاندان بكەن، مانگێك نەبوو مووچەیەك لەكاتی خۆیدا بێ دواكەوتن و چاوەڕوانی وەربگرن.

 



وشە - وشه‌