"مەسروور بارزانی و سوودانی لەبارەی كێشەی مووچە گەیشتوونەتە رێككەوتن"

:: PM:09:35:21/03/2024 ‌
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی عێراق گەیشتنە رێككەوتن لەبارەی پرسی مووچەی دەزگا سەربازیی و تەناهییەكانی هەرێم و لایەنە داراییەکانی راسپارد لە زووترین كاتدا لیستی مووچەی دەزگا سەربازییەكانی هەرێم بە شێوەی "كۆد" بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێردرێت و ئەو كورتهێنانە پڕ بكرێتەوە كە لە بەشی بۆ مووچەی کوردستاندا دروست کراوە. 

ئەمڕۆ 21ی ئاداری 2024، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیران، بە "وشە"ی راگەیاند، دوای هەوڵە بەردەوامەكانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆتاییدا رێككەوتنێك هاتووەتە ئاراوە لە نێوان هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێم و فیدراڵ، بۆ ئەوەی هاوشێوەی عێراق و تەواوی دنیا، مووچەی دەزگا تەناهییەكان و پێشمەرگەیش بە "كۆد" رەوانەی دارایی بكرێت و لە بەرانبەریشدا وەزارەتی دارایی عێراق مووچە بۆ پێشمەرگە و دەزگا تەناهییەكانی هەرێم بنێرێت و کۆتایی بەو جیاکارییە بێت کە دەیانویست لە نێوان مووچەخۆرانی کوردستاندا دروستی بکەن.

دوای ئەوەی 560 ملیار دینار لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران، حكوومەتی هەرێم رەتی كردەوە رازی بێت بەوەی ئەو بڕە پارەیە وەربگرێت و جیاکاری لە نێوان مووچەخۆران دروست بکات،، بەهۆی ئەوەی مووچەی زیاتر لە 370 هەزار مووچەخۆر و شەهیدانە نەنێردراوە، بەبیانووی نەناردنی زانیاریی تەواوی دەزگا تەناهیی و سەربازییەكانی هەرێمەوە. 

جێگەی گوتنە، دوای ناردنی 560 ملیار دینارەكە، وەزارەتی دارایی عێراق پێداگر بوو لەسەر ئەوەی كە پێویستە لیستی مووچەی پێشمەرگە و دەزگا تەناهییەكانی تری كوردستان هاوشێوەی وەزارەت و فەرمانگەكانی تری حكوومەت بە ناوی سیانی و زانیاری تەواوەوە بنێردێت، لەكاتێكدا هیچ یەكێك لە دەزگا سەربازییەكانی عێراق زانیارییەكانیان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بەردەست نییە بەهۆی ئەوەی لە تەواوی دنیادا مووچەی سوپا و یەكە سەربازیی و تەناهییەكان تەنیا بە كۆد دابەش دەكرێت، كەچی عێراق دەیویست لەوەیشدا جیاكاری بكات و لیستی پێشمەرگە و دەزگا تەناهییەكان بە زانیاری تەواو بنێردرێت بۆی.


وشە - پۆڵا مەحموود