ڤیدیۆ: سیناتۆر بەیكن مانگێك دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسروور بارزانی پەیامێكی بە كوردی بڵاو كردەوە

:: AM:01:06:22/03/2024 ‌
شوباتی رابردوو، مەسروور بارزانی لەسەر بانگهێشتی ئەمەریكا سەردانی وڵاتەكەی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەكە و چەندین كۆنگرێسمان كۆبووەوە، یەكێك لەو كۆنگرێسمانانەی كە مەسروور بارزانی لەگەڵی كۆبووەوە "دۆن بەیكن" بوو، كە لە كۆبوونەوەكەدا بەیكن دووپاتی كردەوە "هەمیشە دەنگی كوردستان دەبێت لە ئەمەریكا" و ئەمڕۆیش لە كۆنگرێسی ئەمەریكا لەبەردەم كۆنگرێس بە كوردی پەیامی پیرۆزبایی خۆی گەیاندە كوردانی دنیا. 

ئەمڕۆ پێنجشەم، 21ی ئاداری 2024، دۆن بەیكن كۆنگرێسمانی ئەمەریكا لە پشكی كۆمارییەكان لە وتارێكیدا بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا پەیامێكی خوێندەوە و لە بەشێكی پەیامەكەیشیدا بە كوردی جەژنە پیرۆزەی لە تەواوی كوردان كرد لە سەرانسەری دنیا. 

لە وتارەكەی ئەمڕۆیدا  بەیكن، تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەی هێنایەوە بیری كۆنگرێس و بەبۆنەی ساڵی نوێی كوردیشەوە هیوای خواست كە ساڵی خۆشگوزەرانی بێت بۆ تەواوی كوردانی دنیا و هیوا و دەرفەتی بێشوومار بۆ گەشە و سەركەوتن لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. 

جێگەی ئاماژەیە لە 28ی شوباتی رابردوودا، مەسروور بارزانی و سیناتۆر دۆن بەیكن لە واشنتن كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بەیكن دووپاتی كردەوە کە ئەو هەمیشە دەنگی کوردستان دەبێت لە ئەمەریکا و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان.





وشە - پۆڵا مەحموود