ئومێد خۆشناو: هێزی خێر ڕەگی لەڕەگی خاكە و خەمی ئەویش هەر بۆخاكە

:: AM:09:44:22/03/2024 ‌
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رای دەگەیەنێت، باوەڕدارانی سیاسەتی سەرۆك بارزانی بەتایبەت پارتییە بە سەبروو تەحمولەكانی سیاسەت، دڵنیابن وەك هەمیشە براوە ئێوەن.

خۆشناو لە پەیامێكدا كە لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە نووسیویەتی، ماوەیەكە تەواوی خەڵكی كوردستان هەم پەرۆش هێندێك جاریش لەنێو دڵەڕاوكێ دەژین و پرس و مژارەكانی ڕۆژ و هەوڵی ناحەزان و قەیرانەكان و هتد....، لەبنەڕەتدا پرسی كۆی تاكەكانی كۆمەڵگایەو بۆتە بەشێك لە ژین و ژیانیان، هاووڵاتییان ناحەق نین بۆ ئەم مژار‌و پرس و كاودان و پێشهاتانە كە، پێوەستە بە دوێنێ و ئەمڕۆ و ئایندەیان، بپرسن وبشترسن.

" هەر لەو ڕوانگەیەوە، باوەڕدارانی سیاسەتی سەرۆك بارزانی بەتایبەت پارتییە بە سەبروو تەحمولەكانی سیاسەت، دڵنیابن وەك هەمیشە براوە ئێوەن و ئەم یاریەش دەبەنەوە، وەك چۆن مێژوو پێمان دەڵێ، حیكمەتی سەرۆك و باوەڕی پۆڵاینیی پارتییەكان بەو دۆزە پیرۆزە، هەمیشه براوە بوونە و دەبن" ئومێد خۆشناو وای نووسیوە.

هەروەك دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە هێزی خێر ڕەگی لەڕەگی خاكە و خەمی ئەویش هەر بۆخاكەوخاكیش مەیدانی سەركەوتنەكانیەتی و گەلیش هەوێن و ئیلهام بەخش وشایەد حاڵی بردنەوەكانیەتی. بۆیە دڵنیابن براوەین و هەر دەیبەینەوە.




وشە - وشه‌