"نارازییەكانی سلێمانی رەیان كلدانی پێشڕەوییان دەكات"

:: AM:11:48:22/03/2024 ‌
مامۆستایەك وەڵامی بەناو مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی دەداتەوە و دەڵێت، ئەو مامۆستایانەی ناوی خۆیان ناو ناوە مامۆستایان ناڕازی نوێنەری مامۆستایان نین و ئەوانە تەنیا لە لایەن لایەنێك بەكاردەهێنرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئادار، هەرێم شێخ جەلال مامۆستا لە سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوانەی خۆیان ناو ناوە مامۆستایانی ناڕازی كۆمەڵێك خەڵكن بەدوای بەرژەوەندی خۆیان و هەندێ لایەنن و ئەوانە هیچكات نوێنەری مامۆستایانی راستەقینە نین و تەنیا قسەیەك فڕێ دەدەن و خۆشیان نابنە خاوەنی.
 
روونیشی كردەوە كە مامۆستایانی بەناو ناڕازی شتێكیان نەهێشتووە بەناوی ئینتیمای نیشتمان و خاك و نەتەوە، ئەوانە كاریگەری خراپیشیان لەسەر داهاتووی خوێندكاران دروستكردووە و نابێت رێگە بدەن بەو جۆرە مامەڵە بكەن، لە سلێمانی شتێك نەماوە بەناوی ئینتیمای نیشتمان و كاری ئەو مامۆستایانەش ئەوەیە كە كار بۆ تێكدانی هەرێم و قەوارەی هەرێم بكەن.
 
هەروەها گوتی، مامۆستایەك پێشڕەوەكەی رەیان كلدانی بێت هیچی لێ چاوەڕێ ناكرێت و ئەوەی پێدەكرێت كە هەرێم بخاتە بەردەم مەترسی، بەڵام ئەو هەوڵانەی مامۆستایان سەر ناگرێت و هەرێمی كوردستان بەو هەوڵە نەزۆكانە بێ ئیرادە نابێت.




وشە - وشه‌