ئاوات شێخ جەناب: كێشەی لیستی مووچە چارەسەر كراوە و گەشبینین

:: PM:09:31:23/03/2024 ‌

لە سایەی ئەو دۆخە ئابوورییە سەختەی لە هەرێمی كوردستان بەهۆی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی عێراق دروست بووە، وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە كە دۆخەكە بە بڕیارێكی سیاسی دروست بووە و بە بڕیاری سیاسی چارەسەر دەبێت، ئەو دووپاتی دەكاتەوە كە گەیشتوون بە رێككەوتنی سەرەتایی و لیستی مووچە تەناهی و سەربازییەكان بە كۆد وەردەگیرێت.

ئەمشەو ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی لە دیدارێكی میدیاییدا راشكاوانە چەندان بابەت لەبارەی بودجە و مووچە و نەوتی هەرێمی كوردستان روون دەكاتەوە، لەبارەی مووچەوە دەڵێت، ئەو پارەی لە بەغدا هاتووە  رامان گەیاندووە، بابەتەكە ئەوە نییە مووچە دابەش دەكرێت یان نا، بەڵكو دەبێت هەمووان راستییەكان بزانن، ئێمە بەدرێژایی ماوەی گفتوگۆ هەوڵمان داوە هەمان مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم و عێراق بكرێت.

روونی كردەوە، دوای رێككەوتنی نێوان حكوومەتەكان هەولێر و بەغدا، حكوومەتی قووڵ لە بەغدا پەشیمان بووەوە، سەبارەت بە خەرجی كردەنی كە لەلایەن بەغداوە پێڕەو دەكرا، ستەمی لە هەرێمی كوردستان كرد، ئەوە بوو لەسەر ئەو بنە مایە 17%یان لە بودجە كردە 12,67%، ئەوان هەرجارە بە بابەتێك بەهانەیان بە هەرێم گرت، وەك نەوت و هیتریش، ئەوانە دەكەنە پاساو بۆ ئەو گەمارۆیەی لەسەر هەرێم دانراوە، دەڵێن عەدالەتی تیادایە، راستییەكەی ستەمە.

لە دوایین گفتوگۆ لەسەر دوو شتی سەرەكی گفتوگۆمان كرد، لەوانە گۆڕینی خەرجیی كردەنی، بڕیارێكی نوێ هاتووە كە هەمان مامەلەی عێراق لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم بكرێت، كەچی 300 بۆ 360 هەزار كەس ناوی لە مووچە نەهاتووەتەوە، ئەگەر ئێمە رازی بین، ئەوە بۆمبێكی تەوقیتكراوە، وەك ئەوە وایە بەغدا ئاگرێكی هەڵداوەتە ناو ماڵی كورد، ئێستەش چاوەڕوانی هەوڵەكان دەكەین و گەشبینین كێشەی تەناهی و سەربازییەكان وەك سەرەتا رێككەوتووین، لەگەڵ بەغدا لیستەكانیان بە كۆد بنێرین، بۆیە ئەو كێشە چارەسەر كراوە.

وەزیری دارایی هەرێم دووپاتی كردەوە كە بە بڕیارێكی سیاسی خەریكە دۆخەكە چارەسەر دەكرێت، وەزارەتی دارایی ئامادەیە بۆ دابەشكردنی مووچە ئەگەر بەغدا پارە رەوانەی بكات، بۆیە كێشەكە سیاسەت كۆنترۆڵی دەكات و چارەسەری دەكات، هەندێك كەس بە شكانی پارتی و یەكێتی دڵخۆشن، بەڵام كە حكوومەتی هەرێم بشكێ هەموو حزبەكان و خەڵك شكاون، كە كورد دۆڕا هەموومان دەدۆڕێین.

روونی كردەوە،  رێژەی مووچەخۆری عێراق 38%ە و هی هەرێم 16%یە، بۆیە ئەوانەی دەڵێن كوردستان مووچەخۆری زۆرترە لە خۆیانەوە قسە دەكەن،  لە دوا كۆبوونەوەی حكوومەتی هەرێم، كەس ناڕازی نەبوو بە دواخستنی مووچە، چونكە خوا قبووڵ ناكات نیوەی خەڵك مووچە وەربگرن و نیوەی تر وەری نەگرن، بۆیە نەناردنی مووچەی 250 هەزار كەسی هێزە تەناهییەكان و پێشمەرگە، بۆمبی تەوقیت كراوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل