بزووتنەوەی ئیسلامی داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات

:: PM:09:39:23/03/2024 ‌
      
مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا داوا لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدەن.

لە دەقی روونكردنەوەكەدا هاتووە، ئاشكرایە لای هەمووان كە هەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە بە قەیرانێكی سیاسی و ئابووری خنكێنەر تێدەپەڕێت، كە تیایدا خەڵكی كوردستان باجی قورسی ئەو بارە ناهەموارە دەدەن بە تایبەتی موچەخۆران، شاراوە نییە لای هەمووان كە پەرلەمانی كوردستان سەكۆیەك بوو بۆ كۆكردنەوەی هێزە سیاسییەكان و دەنگە جیاوازەكان، بەڵام وا زیاتر لە ساڵێكە ئەو سەكۆیە پەك خراوە.

بەم هۆیەوە پَیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان كەوتە قەیرانی قووڵەوە، كە هێزە سیاسییەكانی كوردستان نەیانتوانی خۆیان چارەسەری كێشەی پەرلەمان و دووبارە چالاككردنەوەی بكەن، ئەویش لە رێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و بێگەرد، بۆیە بەغدا بە هەلی زانی دەستوەردان بكات و لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە كۆمەڵێك بڕیار بەسەر هەرێمی كوردستان بسەپێنێت.

لەكاتێكدا بینیمان كە عێراق لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانەكەیدا، رووبەڕووی چەندین قەیرانی گەورە بوویەوە كە ئەو كەمینەی ئێستە جڵەوی حكومیان لەبەر دەستە، رازی نەبوون بە هیچ شێوەیەك پەرلەمانی عێراق كارەكانی خۆی بە یاسایی و ئاسایی  ئەنجام بدات، دەیانگوت دەبێ عێراق بە تەوافوقی سیاسی بەڕێوە بچێت، تا كار گەیشتە بەكارهێنانی توندوتیژی، بەڵام ئێستەش هەر ئەو كەمینەیە تەوافوقی سیاسییان وەلا ناوە و دەنێن، باسی یاسا و دادگای فیدراڵی دەكەن.

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، پێمان وایە ئەو بڕیارانەی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی بە سیاسی كراون و داوا دەكەین لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستان تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ئەنجام بدەن، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەكان، بە پێچەوانەوە بێ رێكەوتنی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی پارتی و یەكێتی، هیچ هەڵبژاردنێك سەركەوتوو نابێت و ئەنجامنەدانی باشترە لە ئەنجامدانی و كێشەكانیش قوڵتر دەكات و چارەسەریان ناكات و دڵی هەموو دۆستانی كورد نیگەران دەكات و دوژمنانیش خۆشحاڵ دەكات، بۆیە رێككەوتن و تەبایی تاكە رێگەچارەیە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل