ئەندامێكی پارتی: بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی بۆ شێواندنی دۆخی هەرێمە

:: PM:11:59:23/03/2024 ‌


تەواوی هێزە سیاسییەكان و شارەزایانی یاسایی عێراق لەسەر ئەوە كۆكن كە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی زیاتر سیاسین و مەبەستیان لەپشتە، ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان هێزە سیاسییەكانی بەغدا بە كاریگەری دروستكردن لەسەر بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە بەجێكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تۆمەتبار دەكات، كە نایاسایی و نادەستوورییە.

سوبحی مەندەلاوی، ئەندامێكی پارتی لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت، دەستووری عێراق باسی ئەوە دەكات كە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری لە هەرێمی كوردستان هەیە و ئەوان دەسەڵاتی دەركردنی بڕیاریان لە ناوخۆی هەرێم هەیە و دادگای فیدراڵی بۆی نییە مافی دابەشكردنی مووچە لەلایەن حكوومەتنی هەرێم زەوت بكات، لە رێگەی دابەشكردنی راستەوخۆی مووچە و بودجە لە هەولێر. 

روونی كردەوە، ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان باش دەزانن كە كێ لەپشت بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییە، كە دەیانەوێ لەو رێگایەوە رێگری لە هاووڵاتییانی هەرێم لە دیاریكردنی نوێنەری خۆیان بكەن، بۆیە هەموو ئەو رێوشوێنانە بە ئاراستەی شێواندنی دۆخی ناوخۆی هەرێم دێتە داڕشتن.

مەندەلاوی ئاماژەی كرد، هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی برسیەتیی راستەقینەدا ناژیت وەك میدیاكانی بەغدا وێنای دەكەن، چونكە ئەگەر بەراوردی هەرێم لەگەڵ زۆرێك لە ناوچەكانی عێراق بكەین، دیارە هەرێم زۆر باشترە. 

لە ماوەی دواییدا پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ناڕەزایەتی بەرانبەر بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی عێراق بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەگەری كشانەوە ی لە پرۆرسەی سیاسی لە عێراق كرد، بڕیارە سبەی یەكشەم شاندێكی پارتی سەردانی بەغدا بكات، لەگەڵ ئەندامانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت باسی ئەو خاڵانە بكات كە رێككەوتنی سیاسی لەسەر كراوە و بوونە هۆی دامەزراندنی حكوومەتی عێراق.  


 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل