بەرپرسانی دەم پارتی دەڵێن ئەوەی بتوانێ لە توركیا كێشەی كورد چارەسەر بكات ئەردۆغانە

:: PM:02:10:24/03/2024 ‌
سەركردەكانی دەم پارتی لێدوانەكانیان بەرانبەر دەسەڵاتدارانی توركیا نەرم دەردەكەون، هاوسەرۆكی گشتیی دەم پارتی ڕای گەیاند، ئەوەی دەتوانێ ئێستە چارەسەری پرسی كورد بكات، رەجەب تەیب ئەردۆغانە.
 
پێشتریش ئەحمەد تورك كەسایەتیی كورد و سەركردەی دەم پارتی گوتی، ئەردۆغان دەتوانێ كێشەی كورد چارەسەر بكات، چونكە كێشەی كورد بەكەسێكی كاریزمی لە توركیا چارەسەر دەبێت.

لە هەڤپەیڤینێكدا بۆ میدیای توركیا كە ئەمڕۆ یەكشەم 24ی ئادار بڵاو كرایەوە، تولای هاتیمئۆغوڵاری هاوسەرۆكی گشتیی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان دەم پارتی، باسی لە پرسی كورد كرد و بانگەوازی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كرد.

 هاوسەرۆكی دەم پارتی گوتی، "ئەمە لە كاتێكدایە كێشەی كورد 40 ساڵە بەردەوامە. گەلی كورد زۆری چەشت و گەلانی توركیا قوربانیی زۆریان دا. كەچی ئاكپارتی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردن كێشەی كوردی بیر دەكەوێتەوە. ئەم ماوەیەش بابەتەكە وەك بانگەشە لە بەرژەوەندیی خۆی بەكار دەهێنێت."
 
 



وشە - سۆران عەزیز