میلیشیاكان چاویان لەسەر ئەنجامی سەردانەكەی سوودانییە بۆ واشنتن

:: PM:05:23:24/03/2024 ‌

هەینی رابردوو كۆشكی سپی دووپاتی لەوە كردەوە كە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی داهاتوو پێشوازی لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات، گرووپە چەكدارەكانی عێراق كە لەسەر بنەمای گفتوگۆكانی هەردوو حكوومەت ئاگربەستیان راگەیاند، چاویان لەسەر ئەنجامی سەردانەكەیە، بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتی كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق.

هەریەك لە ئەمەریكا و عێراق لە بەیاننامەكەیان سەبارەت بە سەردانەكە، بەتایبەتی پێوەست بە باسكردنی بابەتی گفتوگۆكان لەبارەی كۆتاهێنان بە بوونی هێزی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق، بەیاننامەیان هەبوو، بەڵام سەبارەت بەو بابەتەوە بەجیا باسیان لێوە كردبوو، ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە لە گفتوگۆكان باسی بوونی هێزی هاوپەیمانان دەكرێت نەك ئەمەریكا، ئەوەش گومانی لای میلیشیاكان دروست كردووە لە رژدیی واشنتن لە كۆتاهێنان بە رۆڵی لە عێراق، بەتایبەتی كە بەرپرسانی ئەمەریكا پێشتر ئەوەیان دووپات كردەوە كە بەغدا بەفەرمی داوای لێ نەكردوون لە عێراق بكشێنەوە.

حوسێن عەلاوی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە لە دیدارەكەی واشنتن خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق دیاری دەكرێت، چونكە سوودانی بڕیاری كۆتاهێنانی بە ئەركی هاوپەیمانان لە عێراق داوە، بۆیە لەسەر بنەمای كۆبوونەوەكانی لیژنەی باڵای هاوبەشی سەربازیی عێراق و ئەمەریكا لە كۆبوونەوەكەی سوودانی و بایدن خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان دادەنرێت.

ئەگەرچی تا ئێستە میلیشیاكان هیچ لێدوانێكیان لەبارەی سەردانەكەی سوودانی بۆ واشنتن نەداوە، بەڵام بەرپرسێكی حكوومەتی عێراق ئاشكرای كرد كە ئەوان ناچارن سەردانەكە قبووڵ بكەن، ئەو بێدەنگییەشیان، دوای بەڵێنەكانی سوودانی دێت بەوەی لە سەردانەكەی بۆ واشنتن ئەو بابەتە دەخاتە پێشینەی باسەكانی، ئاشكرای كرد كە شاندی هاوەڵی سوودانی لە ژمارەیەكی دیاریكراوی وەزیرەكان پێك دێت، وەك ئاماژەیەك بۆ رەزامەندییەكی مەرجداری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبارەی پێكهاتەی شاندی هاوەڵی سوودانی بۆ ئەم سەردانە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل