باڵوێزی ئەمەریكا: تا ئێستە داعش لە عێراق هەڕەشەیە و كاری هاوپەیمانان تەواو نەبووە

:: PM:08:15:24/03/2024 ‌

ئێستە دانوستان و گفتوگۆ لە نێوان لیژنەی باڵای سەربازیی هاوبەشی عێراق و ئەمەریكا بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی تەناهی و توانای هێزە تەناهییەكانی عێراق هەبوونی هەڕەشەی داعش هەیە، لەسەر ئەو بنەمایە خشتەیەك بۆ كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان دادەنێن، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە هێشتا هەڕەشەی داعش لە عێراق كۆتای نەهاتووە.

هێز و میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران، بە زۆرینەی شیعەی ناو حكوومەت و پەرلەمانیشەوە، ئاماژە دەكەن كە هەڕەشەی داعش نەماوە و توانای هێزە تەناهییەكانی عێراق زۆرە و چیتر پێویست بە بوونی هێزی هاوپەیمانی دژ بە داعش ناكات، ئەوە لەوكاتەی عێراق بە دداننانی شارەزایانی سەربازی و تەناهی، پێویستی بە هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان و توانای هەواڵگریی ئەوان و شارەزاییان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و مەشقپێكردنی هێزەكانی عێراق هەیە.

ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق لە دیدارێكی ئاژانسی "رۆیتەرز"، گوتی، راستە تواناكانی داعش زۆر كەم بووەتەوە، بەڵام هێشتا داعش لە عێراق هەڕەشەیە، بۆیە وەك هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كاری سەرەكیمان تەواو نەبووە و دەمانەوێ لەوە دڵنیا ببینەوە كە هێزەكانی عێراق دەتوانن سەركەوتنێكی بەردەوام بەسەر داعش بەدەست بێنن.

روونی كردەوە، بۆیە ئەمەریكا و عێراق هاوبەشن لە پابەندبوون بە مسۆگەركردنی سەركەوتنێكی بەردەوام بەسەر داعش، ئەوەش لە رێگەی كاری هاوبەش بۆ پێكهێنانی هاوپەیەشییەكی تەناهیی دووقۆڵی بەهێز لە داهاتوودا.

شایەنی باسە سەرەڕای هەموو هەڵمەتە سەربازییەكانی هێزە تەناهییەكان لە عێراق، بەڵام داعش لە ناوچە دوورەدەستەكان هەر ماوە و هەر هەلێك بۆ گورزوەشاندن دەقۆزێتەوە، جیا لە عێراق لە سووریا و ئەفغانستان، بەم دواییەش لە رووسیا چەند تەقینەوە و هێرشێكیان ئەنجام دا كە قوربانییەكی زۆریان لێ كەوتەوە، ئەمەریكا دەیەوێ ئەو هێرشانە لە عێراق سەر هەڵنەدەنەوە، بەتایبەتی كە داعش لە سووریا ماوە و هەزاران ماڵباتی رێكخراوەكە لە كەمپی هۆڵن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل