شارەزایەكی ئابووری: بەهۆی یەكێتییەوە جووڵەی بازاڕ وەستاوە و ئابووریی خەڵك قورس بووە

:: PM:10:17:24/03/2024 ‌
 
ئێستە زیانی سیاسەتەكانی چەند مانگی رابردوو بەغدا دەردەكەون، ئاشكرا بوو كە یەكێتی چ زیانێكی بە خەڵك و فەرمانبەرانی هەرێم گەیاندووە، دەركەوت كە پیلان و هەوڵەكانی بۆ ئەوە بوو لە پێگە و دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدات، شارەزایەكی ئابووری دووپاتی دەكاتەوە كە بەهۆی یەكێتی و سیاسەتەكانی هەرچی جووڵە لە بازاڕ هەیە راگیراوە و دۆخی ئابووریی هاووڵاتییان قورس بووە.

ناسر هەركی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی گوت، هەموو هەوڵی یەكێتی بۆ ئەوە بوو دەستەكەوت و مافەكانی هەرێمی كوردستان، كە لە ماوەی چەندان ساڵی رابردوو بەدەست هاتبوون، رادەستی بەغدایان بكات، ئەو دەستكەوتانەی  بەهۆیانەوە هەرێم پێگەیەكی بەهێزی دروست كردبوو، بۆیە ئەمە كاری هەمیشەیی یەكێتی بووە كە هیچكات هاوكار و پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەت نەبووە، لەكاتێكدا لەناو حكوومەتە دوای چەندین مانگ لەو هەوڵەی یەكێتی كە مووچە بخرێتە سەر بەغدا، ئێستا زیانەكانی دەركەوتوون.

روونی كردەوە، لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، یەكێتی هەوڵی دا هەموو ماف و دەستكەوتەكانی هەرێم رادەستی بەغدا بكات و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانی سنووردار كرد، بەهۆی ئەوەشی یەكێتی كردی، ئێستە بەغدا چۆنی بوێ بەو جۆرە مامەڵەمان لەگەڵدا دەكات، ستەم لە فەرمانبەر دەكات، بە ویستی خۆی مووچە دوا دەخات، بەشێكی دەنێرێت و بەشێكی نانێرێت، باكی نییە فەرمانبەرانی هەرێم مووچەیان هەیە و ژیانیان قورسە یان نا، لەگەڵ ئەوەشدا قورسایی لەسەر حكوومەت دروست كرد و ئێستە ئەو حزبەی لافی بە بەغدا و دوانەكەوتنی مووچە لێدەدا، چاوەڕێی حكوومەتە مووچە بدات.

لای خۆیەوە ئەنوەر سەعید، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، ئەوی ئێستە یەكێتی دەیكات، دەیەوێ ناڕەزایەتی و هاووڵاتییان دژی حكوومەت هان بدات، بەو شێوەیە دەیەوێ بە خەڵكی بڵێت كە حكوومەتی هەرێم هۆكاری ئەوەیە و بە جۆرێكی تر خۆی لای هاووڵاتییان بكڕێتەوە، بەڵام فەرمانبەران و خەڵكیش باش دەزانن ئەوان داوای بەغدایان كرد، ئەوەش لە ملی یەكێتی و سیاسەتە چەوتەكانیەتی.

"یەكێتی هەر چاوەڕێیە حكوومەتی هەرێم مووچەكان بدات و هەموو بارە قورسەكەش هەر لەسەر حكوومەتی هەرێمە، بەڵام بەو كارەی بەرپرسانی یەكێتی كردیان، دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمیان بۆ دابینكردنی مووچەیان سنووردار كردووە، حكوومەت داهاتێكی وای لەبەردەست نییە مووچە دابەش بكات"، ئەنوەر سەعید وای گوت.

پێوەست بە بابەتەكە ناسر ئسماعیل، شارەزای بواری ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، ئەگەر بەغدا هەموو مانگێك ئەمە لەگەڵ هەرێمدا بكا و بەو جۆرە پارە دوا بخات و مووچە دابەش نەكرێت، گەورەترین كێشە دروست دەبێت، هیچ گرەنتییەكیش نییە بەغدا مانگانە لەكاتی خۆیدا پشك یان مووچەی هەرێم بنێرێت، كارتی بانكی و ناوی فەرمانبەر و سەربازی هەمووی بیانووە، بۆ عێراق خۆی زۆر شەریف و شەفاف و چاكسازە لەو بوارە، ئەوەی ئێستە روو دەدات، لە ئەنجامی ئەو هەوڵ و پیلانانە بوون كە لە یاسای بودجە بە هاوكاریی لایەنێك بۆ حكوومەت دانران.

زیاتر گوتی، یەكێتی لە یاسای بودجەدا تەنیا ویستی دەستكەوت و مافە دەستوورییەكانی هەرێم ڕادەستی بەغدا بكات، بەڵام هیچ كاریگەرییەكی نەبووە و نابێت لەسەر هەناردەكردنی بەشە بودجەی هەرێم، هاوكات هۆكاریش بوو بۆ ئەو دۆخەی ئێستە لەبارەی داهات و مووچە لە هەرێم دروست بووە، بۆیە بەهۆی یەكێتی و سیاسەتەكانی هەرچی جووڵە هەیە لە بازاڕەوە هەتا كەرتەكانی تر هەمووی راگیراوە، ئابووریی هاووڵاتییان قورس بووە و هیچ جووڵەیەكیش لە بازاڕەكان نییە.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت