ڤیدیۆ.. حەیدەر عەبادی: لە عێراق هەر لایەنێك رێگری لە ناردنی مووچەی هەرێم بكات دەبێتە براوەی هەڵبژاردن

:: PM:11:36:24/03/2024 ‌
لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا كە "وشە" تۆماری كردووە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق رای گەیاند، لە عێراق ئەو كەسە دەنگ دەهێنێت كە رێگری لە ناردنی پارە بۆ هەرێم بكات، بەڵام من ئەوەم كرد و پارەكەم نارد.

ئەمشەو، یەكشەم 24ی ئاداری 2024، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ "رووداو" رای گەیاند، دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، هەرێم نەوتی كەركووكی لە دەستدا و كەوتە ژێر بارێكی قوورسی داراییەوە، ئەوە بوو لە ساڵی 2018 من دوو مووچەم لەسەر یەكتر نارد، هەرچەند هەڵبژاردنیشمان لە پێش بوو و لە مانگی پێنجی ئەو ساڵە ئەنجام دەدرا.

عەبادی روونی دەكاتەوە، یەكێك ئەگەر بیەوێ هەڵبژاردنەكان بباتەوە دەبێت رێگری بكات لە ناردنی پارە بۆ هەرێم، چونكە تێڕوانینێك لەلای دەنگدەر هەیە بەشێوەیەكی گشتی و ئەو تێڕوانینە سیاسییەم خستە لاوە و مووچەی دوو مانگم بەسەر یەكەوە بۆ هەرێم نارد.

ئەم قسانەی حەیدەر عەبادی دوای ئەوە دێت كە دوێنی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی عێراق لەمیانی چاوپێكەوتنێكی میدیاییدا رای گەیاند، ئێمە بۆیە ناتوانین پێشبینی كاتی دابەشكردنی مووچە بكەین، چونكە پارەكە لە بەغداوە دێت و لای ئێمە هیچ كێشەیەك نەماوە، كێشەكە لای ئەوانە و كێشەكانیش سیاسین. 

ئەوە ناخی دەسەڵات و شەقامی عێراقی بەرانبەر مافەکانی کورد دەردەخات کە هەموو شکستەکانی خۆیان و دیارنەمانی 500 ملیار دۆلاری کاش لە دوای 2005 و نەبوونی هیچ خزمەتگوزارییەک لە عێراق، بە دروستکردنی رق بەرانبەر کوردستان دەشارنەوە.

لێرە دەقی قسەكانی حەیدەر عەبادی بە ڤیدیۆ دانراوە


وشە - پۆڵا مەحموود