ئەندامێكی ئەنجوومەنی بەغدا هۆكاری نقوومبوونی شەقامەكان بۆ باران دەگەڕێنێتەوە

:: PM:05:44:25/03/2024 ‌

لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا شەپۆلێكی تری بارانی بەخوڕ عێراقی گرتەوە، وەك لە راپۆرت و گرتە تەلەڤزیۆنییەكان هاتە پەخشكردن، كە بەشێكی شەقامەكانی بەغدای پایەتەخت ژێرئاو كەوتن، ئەوەش ناڕەزایەتییەكی گەورە گاڵتەجاڕیی لە سۆشیال میدیا دروست كرد، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغداش هۆكارەكەی بۆ باران دەگەڕێنێتەوە.

ئەسیل خالیدی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دەڵێت، ژێرئاوكەوتنی ژمارەیەك لە شەقامەكانی بەغدا لە ماوەی چەند سعاتی رابردوو، پێشبینیكراو بوو، ئەوەش بەهۆی ئەو بڕە زۆرە بارانەی باری، كە ئاوەڕۆكان نەیانتوانی لەخۆی بگرن و لای بدەن، ئەوەش دووپات لەوە دەكاتەوە كە پێویستە تۆڕی مەجرا و ئاوەڕۆی پارێزگاكە بگۆڕدرێت و لەگەڵ ئەو بڕە بارانە بگونجێت كە دەبارێت.

چاودێران پێیان وایە ئەوەی روودەدات، بەتایبەتی كە عێراق یەكێكە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی دنیا بە نەوت و غاز، بەهۆی گەندەڵی و سەرقاڵی حزبەكانە بە بەرژەوەندیی خۆیان و فەرامۆشكردنی شار و شارۆكە و خەڵكەكە، بۆیە جیا لە كێشەی ئاوەڕۆ، چەندان كێشەی تر هەن، لەوانە كارەبا و رێگاوبان و هیتریش.  

شایەنی باسە دوێنێ یەكشەم چەندان ناوچە لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق بەهۆی ئەو بارانەی باری كەوتنە ژێر ئاو، لەوانەش بەغدای پایەتەخت، بۆیەش لە بەغدا و لە چەند پارێزگایەك تەنیا ئەوەندە كرا كە پشوو لە قوتابخانە و فەرمانگەكان بێتە راگەیاندن بۆ هەڵمژینی توڕەیی خەڵك، بێ چارەسەركردنی ریشەیی كێشە سەرەكییەكە، كە كۆنی و شەكەتیی سیستمی ئاوەڕۆیە لەو وڵاتە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل