توێژەرێكی سیاسی: ئەگەری لێكهەڵوەشانەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە

:: PM:09:41:25/03/2024 ‌

بە بۆچوونی زۆرینەی چاودێران بۆ دۆخی عێراق چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە هێزە سیاسییە شیعەكانی نزیك لە ئێران كۆ دەكاتەوە، لە ئەنجامی نەیارییان بۆ موقتەدا سەدر و رێنوێنییەكانی ئێران بۆ یەكڕیزی هاتە كایەوە، ئەگینا نە بەرنامەیەكی سیاسی هەیە و نە سازان و پلان بۆ داهاتوو، توێژەرێك باسی ئەگەری لێكهەڵوەشانەوەی چوارچێوەكە و رۆیشتن بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات.

موجاشیع تەمیمی، توێژەری سیاسی وای دەبینێت ئەو ناكۆكییانەی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە بەهۆی جیاوازییانە لە پڕۆژەی سیاسی و دیدیان بۆ بابەتەكان، بەڵام ئاڵۆزترین ناكۆكییەكانیان بریتییە لە بێزاری و ناڕەزایەتیی نووری مالیكی، سەركردەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەرانبەر بەوەی لەناو چوارچێوەكە روودەدات، كە رەنگە ببێتە هۆی لێكهەڵوەشانەوەی چوارچێوە و رۆیشتن بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە.

روونی كردەوە، هەموان ئەوە دەزانن كە ناكۆكییەكانی موقتەدا سەدر و سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رێنوێنییەكانی ئێران بە پێویستیی یەكڕیزی، وایان كرد هێزەكانی ناو چوارچێوە بەرانبەر بە سەدر بسازێن، بێ ئەوەی پڕۆژەیەكی سیاسیی هاوبەشیان هەبێت، ئێستەش چەند سەركردەیەكی كەنجیان لەناو دەركەوتووە و خەریكە لە سەركردە كۆنەكان یاخی دەبن و لە چەند پرسێك، لەوانە لە پێكهێنانی حكوومەتە ناوخۆییەكان و دیاریكردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان چوارچێوەكە شەرمەزار دەكەن.

تەمیمی دووپاتی كردەوە، ئەو ناكۆكییانە ئەنجامی نەرێنیان دەبێت و دەبنە هۆی قووڵبوونەوەی تەنگژەكان، دەبنە هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەكە بۆ حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی، لە دیارترین ناكۆكییەكانیش بێزاریی نووری مالیكییە لەوەی لەناو چوارچێوە دەگوزەرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەو زیاتر چاوەڕوانی نەكات، بەر لەوەی ناكۆكیی ئاشكرای لەگەڵ هەندێك سەركردەی چوارچێوە و ناڕەزایی لە حكوومەتی ئێستە بۆ لێكهەڵوەشانەوەی چوارچێوە و رۆیشتن بەرەو هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی پەرلەمانی سەر بكێشێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل