ئەم هەفتەیە مووچەی هێزە تەناهییەكانی كوردستان دەگات

:: AM:08:59:26/03/2024 ‌
دوای ناردنی ناوی هێزە تەناهییەكان بەشێوەی كۆد، ئێستە لە وەزارەتی دارایی عێراقدا لە وردبینی كۆتایی نزیك بووەتەوە و لەم هەفتەیەش پارەی ئەوان دەگات و دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئادار، سەرچاوەیەك لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، لیستی مووچەی دەزگا تەناهییەكان بە كۆدی بایۆمەترییەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێراوە، بەڵام هێشتا وردەكاریی ماوە لەو وەزارەتە تەواو بێت.

ئەو سەرچاوەیە كە ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقە و بەدواداچوونی كردووە، ئەوەیشی گوت، وردبینی لە لیستەكە بەردەوامە و ئەو لیژنەیەی وردبینی دەكات، دوێنێ‌ تا سەعات پێنج ئێوارە ماونەتەوە، بۆیە بەشێكی زۆری كارەكانی بەرەو تەواوبوون چووە.

باسی لەوەش كرد، لەم دوو ڕۆژەدا بڕی پێویستی مووچە بۆ هێزە تەناهییەكان دەخرێتە سەر هەژماری بانكیی هەرێمی كوردستان و دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە گفتوگۆی بەردەوامدایە بۆ چارەسەری كێشەی تەواوەتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.


وشە - رامیار جەواد