وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەسەر هەوڵەكانی بۆ دووبارە هەناردنی نەوتی هەرێم بەردەوامە

:: PM:01:34:26/03/2024 ‌
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان راگەیەنراوێك بڵاو دەكاتەوە و دەڵێت، هەرێمی كوردستان لە نیازپاكی خۆی بۆ دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوت بەردەوامە.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئادار، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هاتووە، ساڵێك بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان تێپەڕیوە. حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی 2023، لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت رێككەوتن، بەڵام وێڕای ئەم رێككەوتنەش هەناردەی نەوت دەستی پێ نەكردووەتەوە، بەهۆی بڕگە نادادپەروەرییەكانی یاسای بودجەوە پرۆسەكە زیاتر ئاڵۆز كراوە.

باس لەوەش كراوە، پیشەسازیی نەوتی هەرێم لە رێی وەبەرهێنانی دەرەكی و بەبێ خەرجكردنی یەك دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، كەچی لە یاسای بودجەدا بەهاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق هەژمار كراوە، كە لەسەر ملیاران دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە.

ئەو وەزارەتە دەڵێت، ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ی نەوتی هەرێم تەرخان كراوە، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ تێچوونی راستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت.

ئەوەیش باس كراوە، حكوومەتی هەرێم لە سۆنگەی نیازپاكی و بۆ چارەسەكردنی كێشەكان، بڕی زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل نەوتی رادەستی حكوومەتی فیدراڵ كرد، تا ئێستەشی لەگەڵدا بێت یەك دیناری وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەكانی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت بداتەوە.
  
روون كراوەتەوە، نەوتی هەرێم تەنیا 10%ی نەوتی هەناردەكراوی عێراق پێك دەهێنا و داهاتی ئەم نەوتە، تەنیا بەشێك لە شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێم لە بودجەی گشتیی وڵات بوو. هەر لە دوای ڕاگرتنی هەناردنی نەوتی هەرێم، هەرێمی كوردستانیان خستووەتە ناو قەیرانێكی دارایی توندەوە، كە بەهۆیەوە پێدانی مووچەكانی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوتووە، لە كاتێكدا ئەوكات بە پارەی نەوتەوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواكەوتن دەدرا. 

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و گەیشتن بە رێككەوتنێك، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ، هەوڵەكانیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەست پێ كردووە، بۆ ئەم مەبەستەش  هەردوو وەزارەتی نەوتی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ڕاسپێراون بۆ چارەسەركردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم .



وشە - رامیار جەواد