لیژنەی داكۆكی لە رۆژنامەنووسان: هێزەكانی سلێمانی پێشێلكارییان كردووە

:: PM:01:38:26/03/2024 ‌
لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی رۆژنامەگەری‌ و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، لەسەر ئەو هێرش و توندوتیژییەی دوێنێ لە شاری سلێمانی بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان كرا، هاتە دەنگ و دەڵێت، هێزە تەناهییەكان بە شێوازێكی توند و بە بەكارهێنانی هێز، مامەڵەیان لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەنووس و تیمەكانی هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن كرد.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئادار، لە بەیاننامەیەكەی لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی رۆژنامەگەری‌ و مافی رۆژنامەنووساندا هاتووە، دوێنێ‌ لە كاتی رووماڵی خۆپێشاندان و هاووڵاتییان لە شاری سلێمانی لەبارەی مووچە، هێزە تەناهییەكان بە شێوازێكی توند و بە بەكارهێنانی هێز، مامەڵەیان لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەنووس و تیمەكانی هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن كرد.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، بێگومان ئەو كارە پێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسای رۆژنامەگەرییە و مەترسییە بۆ سەر ئازادیی ڕادەربڕین و كاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستاندا. 

باس لەوەش كراوە، بۆیە لیژنەی داكۆكی لە ئازادیی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بە توندی سەركۆنەی ئەو كارانە و هەموو مامەڵەیەكی نایاسایی بەرانبەر رۆژنامەنووسان‌ و دەزگاكانی راگەیاندن دەكەین، داواكارین هەرچی زووترە راگیراوەكان ئازاد بكرێن‌ و كەلوپەلە دەست بەسەرداگیراوەكان بگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنەكانیان.




وشە - رامیار جەواد