راوێژكارێكی باڵای سوپای پاسداران لە سووریا كوژرا

:: PM:05:44:26/03/2024 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل چەند پێگەیەكی سەربازییان لە پارێزگای دێر زووری سووریا بۆردمان كرد، سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە لەو بۆردمانەدا راوێژكارێكی سەربازییان كوژراوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی سوپای پاسدارانی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەم لە ئەنجامی بۆردمانێكی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل لە پارێزگەی دێر زوور لە رۆژهەڵاتی سووریا، بەهرۆز وەحیدی، راوێژكار لە فەیلەقی قودس و هێزەكانی پاڵپشتی لە ناوچەی سدووقی لە شاری كەرەج لە پارێزگەی ئەلبورز كوژراوە.

ئەمە و بەپێی روانگەی مافی مرۆڤی سووریا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەم لە ئەنجامی بۆردمانێكی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ناوچەی دێر زوور لە رۆژهەڵاتی سووریا، نۆ كەس لە هێزەكانی سەر بە ئێران كوژراون كە فەرماندەیەكی پاسدارانیان لەنێواندا هەیە، جیا لە كوژرانی چواركەسی تر لە هێرشێكی تر لە ناوچەی ئەلبوكەمال لەسەر سنوورەكانی عێراق.

لای خۆیەوە كەناڵی "سپۆتنیك"ی رووسی ئاماژەی كرد كە لە 10 هێرشی ئاسمانیی هاوكات، چەندان ئامانج لە ناوچەكانی مەیادین لە دیر زوور و ئەلبووكەمال لە سووریا بۆردمان كراون. 

شایەنی باسە شەڕی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل لە سووریا بەردەوامە، ئێران لە رێگەی فەرماندە و راوێژكارەكانی فەیلەقی قودس، باڵی دەرەوەی سوپای پاسداران سەرپەرشتی و پلانداڕێژی بۆ هێرش و جموجۆڵی میلیشیا شیعەكان دەكات، جیا لە سەرپەرشتیكردنی گەیشتنی چەك و تەقەمەنی بۆ ئەو میلیشیایانە و بۆ لبنان.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل