راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق: نرخی دۆلار بەتەواوی دادەبەزێت

:: PM:07:24:26/03/2024 ‌

ماوەیەكە نرخی دۆلار لە بازاڕەكان روو لە دابەزینە و لە نرخی فەرمیی بانكی ناوەندیی عێراق نزیك دەبێتەوە، راوێژكاری ئابووریی سەرۆكی حكوومەتی عێراق رای دەگەیەنێت كە نرخی دۆلار لە دابەزین بەردەوام دەبێت و دوای سەردانی سەرۆكی حكوومەت بۆ ئەمەریكا نرخی زیاتر دادەبەزێت.

ئەمڕۆ سێشەم 26ی ئاداری 2024، مەزهەر محەمەد، راوێژكاری ئابووریی سەرۆكی حكوومەتی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، چەندین رۆژە نرخی دۆلار لەدوای هەوڵ و رێكارەكانی بانكی ناوەندی لە دابەزینە، ئەوەش هەوڵێكی زۆر باش بوو تا دۆلار بگات بەو نرخە.

باسی لەوەش كرد، نرخی دۆلار بەردەوام دەبێت لە دابەزین، لەدوای سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانیش بۆ ئەمەریكا نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت، بۆیە ئەو سەردانە زۆر گرنگە و چاوەكان لەسەر ئەوەن نرخی دۆلار بەخێرایی دابەزێت.

راوێژكارەكەی سوودانی دووپاتی كردەوە، نرخی دۆلار لە داهاتوویەكی نزیك زیاتر دادەبەزێت، بەجۆرێك دەبێت تەنیا لە 2%ی نرخی فەرمی جیاوازی هەبێت و بەو نرخە بگاتە دەستی هاووڵاتییان.

شایەنی باسە ماوەی چەندین رۆژە بانكی ناوەندیی عێراق فرۆشتنی دۆلاری بەشێوەی مەزاد زیاد كردووە،ئێستەش نرخی 100 دۆلار لە بۆرسەكاندا بە 147 هەزار دینارە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل