"سوودانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی وای پێشان دەدەن كە ئەمەریكا پاڵپشتییان دەكات"

:: PM:07:38:26/03/2024 ‌

بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی داهاتوو محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بكات و چاوی بە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت، بەرپرسێكی عێراق دەڵێت لەو سەردانەدا باسی كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان و پێوەندییەكانی بەغدا و هەولێر و سزای سەر بانكە عێراقییەكان دەكرێت، شرۆڤەكارێكیش پێی وایە سوودانی و چوارچێوە دەیانەوێ سەردانەكە بقۆزنەوە بەوەی ئەمەریكا پاڵپشتیی لە حكوومەتەكەیان دەكات.

عێراق سەردانەكە بە زۆر گرنگ وەسف دەكات، كەچی نزار حەیدەر، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، سازكردنی دیداری سوودانی و بایدن مانای ئەوە نادات كە ئەو دۆسیانەی باسیان دەكرێت یەكلا دەبنەوە، بەتایبەتی بابەتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و بەردەوامبوونی كاری هاوپەیمانان.

حەیدەر پێی وایە ئەو دۆسیە لای ئەمەریكییەكان زۆر هەستیارە و بەدڵنیاییەوە لەو سەردانە یەكلا نابێتەوە، رەنگە گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، بەڵام ئەگەری زۆرە بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا دوا بكەوێت، چونكە ئیدارەی بایدن نایەوێ ئێستە هیچ بڕیارێك لەوبارەوە بدات.

 ئەو شرۆڤەكارە دەڵێت، هاوكات هەوڵەكانی سوودانی بۆ لابردنی سزای سەر بانكەكانی عێراق رووبەڕووی سەختی دەبێتەوە، چونكە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا زانیاری لەبارەی كاری ئەو بانكانە هەیە، لە سپیكردنەوەی پارە و قاچاخی دۆلار بۆ ئێران و سووریا و رووسیا و شوێنی تریش، بۆیە ئەو دۆسیەش لە سەردانەكە یەكلا نابێتەوە، كە سەردانێكی پرۆتۆكۆلی دەبێت زیاتر لەوەی دۆسییەكان یەكلا بكاتەوە.

حەیدەر دووپاتی كردەوە كە سوودانی و هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیانەوێ بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتییەكی ماناكی و میدیایی سوود لەو سەردانە ببینن، ئەوەش لە رێگەی راگەیاندنی كە حكوومەتەكەیان لەلایەن ئەمەریكاوە پاڵپشتی دەكرێت، ئەگەرچی تا ئێستەش بایدن وەك حكوومەتی میلیشیاكان سەیریان دەكات، بۆیە لە مامەڵەكردن لەگەڵیدا زۆ وریایە و هیچ پاڵپشتییەكی ناكات، جگە لە پاڵپشتیی میدیایی نەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل