ئاڵا تاڵەبانی: كێشەی مووچەی هەرێمی كوردستان یەكێتی دروستی كردووە

:: PM:08:40:26/03/2024 ‌

یەكتێتی ناتوانێت خۆی لە هیچ بڕیارێكی حكوومەتی هەرێم بدزێتەوە و بڵێت بەشدار نەبووم

ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی دەركراو لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (وەك خۆی دەڵێت) لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا باسی شستەكانی یەكێتی دەكات پاش مام جەلال و پاشان پاش دەركردنی لاهوور شێخ جەنگی و پێی وایە یەكێتی ناتوانێت وەك جاران خاوەنی بڕیار بێت، تەنانەت پۆستی سەرۆكی عێراق بە پشكی پارتی دەزانێت و دەڵێت، پاڵێوراوی ئێمە بەرهەم ساڵح بوو، بەڵام پارتی لەوەشدا لێی بردینەوە. سەبارەت بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، یەكێتی و گۆڕان بەشدارن لەو حكوومەتە، بۆیە ناتوانن تەنیا لە كاتی خۆشییەكاندا بڵێن بەشێكین و لە كاتەكانی تردا خۆیانی لێ بدزنەوە.

كەناڵی "ئەلڕابیعە"ی عێراقی، دیمانەیەكی یەك سەعاتی لەگەڵ ئاڵا تاڵەبانی بەناوی "كەسایەتیی سیاسیی كوردی" داوەت كردووە و لەسەر چەند تەوەرێك گفتوگۆی لەگەڵدا دەكات. سەرەتای بەرنامەكە باسی دەركردنەكەیەتی لە یەكێتی و ئاڵا دەڵێت: ڕەنگە ئاسایی بێت لەلایەن حزبی ترەوە، یان تەنانەت حزبەكەی خۆتەوە دژایەتیت بكرێت، بەڵام لەناو خێزان و خوێنی خۆت دەربكرێیت، بەدڵنیاییەوە ئازارت دەدات، بەتایبەتی كە تۆ پێش ئەوەی ئەمانە دەست بەسەر حیزبەكەدا بگرن، تۆ هەبووبیت و خەباتت بۆ كردبێت. ئێمە بەلامانەوە ئاساییە ئەوانە جڵەوی سیاسەتی یەكێتییان گرتووە، ئەوە نائاسییە لەسەر حسابی دەركردنی خەڵكانێك بوو كە ڕەجیان بۆ ئەو حزبە داوە.

درێژەی دەداتێ: ئەوان بە دەركردنی لاهوور و من و كەسانی تر، وایان پیشان دا كە ڕێڕەوی یەكێتی ڕاست دەكەنەوە، داخۆ ئەمەی ئێستە ڕوو دەدات، ڕێڕەوێكی ڕاستە؟ بافڵ منی دەركرد بە بیانووی ئەوەی لایەنگری لاهوورم، لەكاتێكدا بۆ من هەردووكیان وەك یەك خاڵۆزامن هەردووكیانیشمان پێكەوە بۆ هاوسەرۆكیی یەكێتی هەڵبژارد. هەموو تاوانەكەی من ئەوە بوو، پێم وا بوو كۆدەتا بەسەر كاك لاهوور هەڵە بوو، ئێستەش لەسەر ئەو ڕایەم.

سەبارەت بە ژەهرخواركردنی بافڵ تاڵەبانی لەلایەن لاهوورەوە، ئاڵا تاڵەبانی بە درامای توركی دەیچوێنێ و دەڵێت سیناریۆییەكی سینەماییە و بڕوام پێی نییە، ئەگەر ڕاست بوایە، لاهوور ئامادە نەدەبوو بچێتە بەردەم دادگاوە. دادگاش سەلماندی كە ئەو تۆمەتانە دوورن لە ڕاستییەوە. هەموو ئامانجیان لە دەركردنی ئێمە ئەوە بوو، حیزب بكەوێتە دەست ئەو دوو برایە و هەر كەسیش بەوە ڕازی نەبێت دەربكرێت.

بەرنامەی "ئەلقەسر" كە غەزوان جاسم، میدیاكاری دیاری عێراقی پێشكەشی دەكات، هەفتانە لە كەناڵی "ئەلڕابیعە" بە میوانداریی كەسایەتییە دیارەكانی عێراق پەخش دەكرێت.

لەبارەی كێشەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سەردەمی بافڵ تاڵەبانیدا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت ئێستە كەوتووەتە دۆخێكی زۆر قورسەوە، وێڕای ئەوەی یەكێتی لەگەڵ چەند لایەنێكی عێراقی پێوەندی زۆر باشە، بەڵام لە هەرێم پێوەندییەكانی خراپە، بەتایبەتی ئێستە لە بابەتی هەڵبژاردن و دادگای فیدرالی و زۆر بواری تردا. هۆكارە سەرەكییەكەش ئەوەیە، لە سەردەمی مام جەلالدا بە كۆبوونەوە و دەنگدان بڕیار دەدرا، ئێستە حزبەكە واتە یەك كەس و هەر ئەو یەك كەسە بڕیار دەدات. بەڕاستی ئەمە ئەو یەكێتییە نییە كە ئێمە خەباتمان بۆ كرد.

غەزوان جاسم دەپرسێت، ئەی باشە ئەوە بە دەستكەوت نازانیت كە توانیان هەر بە لێسەندن، پۆستی سەرۆكی عێراق لە پارتی بستێنین؟ ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت، نەوەڵا ڕێك پێچەوانەكەیەتی. یەكێتی بە هەموو هێزییەوە ویستی پۆستی سەرۆكی عێراق بۆ بەرهەم ساڵح بێت و بافڵ هەموو توانایەكی خستە گەڕ، بەڵام لە كۆتاییدا ئەو كاندیدە بووە سەرۆكی عێراق كە پارتی هەڵی بژاردووە، واتە لەتیف ڕەشید. كەچی ئەوەی سەیر بوو، دوای 10 خولەك لە دۆڕانەكەی، بافڵ هاتە سەر شاشەكان و گوتی بردمانەوە و ئەندامێكی ئێمە دیسان بوو بە سەرۆكی عێراق.

سەبارەت بە ڕۆڵی ئێستەی سەرۆكی عێراق، ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت، بەداخەوە هیچ ڕۆڵێكی نییە و نەیتوانیوە هیچ دەستكەوتێك بۆ كورد بەدەست بهێنێت. ئەوەتا ئێستە ڕێ نادرێ نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردە بكرێت كە یەكێتی بەشێكە لەو سیاسەتەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

پێشەكەشكار: بەڵێ وایە یەكێتی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بەڵام هیچ بڕیارێكی بەدەست نییە؟
ئاڵا تاڵەبانی: نەخێر بەشێكە لە هەموو بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ناتوانێت خۆی لێ بدزێتەوە. هەموو بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە ڕەزامەندیی هەر سێ حزبی هاوبەش دەردەكرێت و پارتی هەرگیز بە تەنیا بڕیارەكانی دەرنەكردووە. بەتایبەتی بابەتی دارایی و مووچە، بە تەواوی یەكێتی بەشێكە لەو بڕیارانە كە ئێستە خۆی لێ دەدزێتەوە.

ئاڵا تاڵەبانی ددان بە بابەتێكی تردا دەنێت و دەڵێت، بابەتی تەوتین و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بۆ شارەكان بنێردرێت،  پێشنیازی ئێمەی یەكێتی بوو، لەگەڵ چەند حیزبێكی تر ڕێككەوتین و نووسراویشمان بۆ لیژنەی دارایی بەرز كردەوە. ئەو كاتە تەنیا پارتیمان لەگەڵ نەبوو، پێی وا بوو ئەمە دژی بەرژەوەندییەكان و سەروەریی هەرێمی كوردستانە. لەناو یەكێتیشدا تەنیا قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ڕای پارتی بوو كە قەبووڵی نەبوو مووچەی فەرمانبەران ڕاستەخۆ بنێردرێت. دەبینین دوای ئەوەی بەهۆی قوبادەوە پارتی و یەكێتی نەیانهێشت مووچە ڕاستەخۆ بنێردرێت، ئەوەتا ئێستە بافڵ گەڕاوەتەوە بۆ ڕای جارانی ئێمە و دەیەوێت ڕاستەخۆ پارەی پارێزگاكان بۆ خۆیان بڕوات و نەچێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

ئاڵا تاڵەبانی لە بابەتی مووچەی فەرمانبەران دەڵێت، من لەگەڵ بڕیارەكەی داگای فیدراڵیم و لەمەدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوڕاین، ددانیشی پێدا دەنێت كە ئەمە پێچەوانەی یاسای بودجەیە و حكوومەتی هەرێم مافی خۆیەتی دژی بێت.

لەبارەی هەڵبژادرنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت، من لەگەڵ ئەوەدا نیم بەغدا سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستاندا بكات، چونكە ئەمە پاراستنی سەروەریی هەرێمی كوردستانە و پارتی لەسەر حەقە.


وشە - عەبدوڵا عومەر