رێكخراوی مەینی نەرویجی: ساڵی رابردوو نزیكەی 40 ملیۆن دۆلار هاوكاریی كەرتی تەندروستیمان كردووە

:: PM:01:40:27/03/2024 ‌
نوێنەری رێكخراوی مەینی نەرویجی ڕای گەیاند، ئێمە وەك رێكخراو ئەمڕۆ 670 هەزار حەبی نەخۆشیی شەكرەمان لە جۆری دوو، داوە بە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر، بڕی ئەو حەبەش بایی 341 هەزار دۆلارە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رێكخراوی مەین، بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر بەڕێوە چوو. پەیامنێری دەزگای میدیایی "وشە" ئامادە بوو، ئەو رێكخراوە ڕای گەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا بە پێداویستیی تەندروستی هاوكاری ئیدارەی سۆران دەكەین.

د. لەزگین لە رێكخراوەكە گوتی، بەهۆی شەڕی ئۆكراینا زۆر لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كوردستانیان بەجێهێشتووە، بەڵام ئێمە وەك رێكخراوی مەین بەڵێنمان داوە لە هاوكارییەكانمان بۆ خەڵكی كوردستان بەردەوام بین.

د. لەزگین داوای لە خێرخوازان و سەرمایەداران كرد، هاوكاربن لەو پڕۆژانەدا تا زۆرترین خزمەتی هاووڵاتییانی كوردستان لە بواری تەندروستی بكرێت.

نوێنەری رێكخراوەكە گوتی، لە ماوەی رابردووشدا بڕێكی باش هاوكاریی تەندروستیی دەڤەری دهۆك كراوە، ساڵی رابردوو نزیكی 40 ملیۆن دۆلار هاوكاریی كەرتی تەندروستیمان كردووە، بۆ ئەمساڵیش بەڵێن وایە ئەو هاوكارییە بگەیەنینە 60 ملیۆن دۆلار.



وشە - سۆران عەزیز