لێخۆشبوونێكی تر بۆ خاوەن دوكانەكانی لەنگە كرا

:: PM:02:02:27/03/2024 ‌
سەرجەم ئەو دوكانانەی بازاڕی لەنگە كە بە هۆی ئاگركەوتنەوە زیانیان بەركەوتووە، 30% بۆ ساڵی 2023 و 100% بۆ ساڵی 2024 لە وەرگرتنی باج دەبەخشرێن.

ئەمڕۆ چوارشەم 27ـی ئادار، لە كۆبوونەوەیەكی پارێزگای هەولێر لەبارەی هاریكاری و یارمەتیدان و دەستگیرۆیی كاسبكار و دوكاندارانی زیانلێكەوتووی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر، بڕیاری تر درا.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا، دوای جەژنی ڕەمەزان، لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، دەست بكرێت بەڕێكخستنەوەی سەرانسەری بازاڕی لەنگە و هەڵگرتن و لادانی سەرجەم زێدەڕۆیی و سەرپێچییەكانی ناو بازاڕەكە، كە جگە لەوەی سیمایەكی ناشارستانییان بە بازاڕەكە بەخشیوە، هاوكات بوونەتە هەڕەشە و مەترسیش بۆ دووبارەبوونەوەی ڕووداوی تری هاوشێوەی ئاگركەوتنەوەی ماوەی ڕابردوو.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، پارێزگاری هەولێر تیشكی خستەسەر چەند ڕێكارێكی تری هاریكاریكردن و دەستگیرۆیی كاسبكار و دوكاندار و زیانلێكەوتووانی بازاڕی لەنگە، بەتایبەتی لە پرسی وەرگرتنی باج لێیان، بۆ ئەو مەبەستەش دوای وەرگرتنی ڕای بەڕێوەبەری گشتیی باج و سەرنج و تێبینی ئامادەبووان بڕیاری دا:

- لێخۆشبوونی 30% بۆ ساڵی 2023 و 100% بۆ ساڵی 2024، لە وەرگرتنی باج لە سەرجەم ئەو دوكانانەی بازاڕەكە كە بە هۆی ئاگركەوتنەوەكە زیانیان بەركەوتووە، كە ژمارەیان 166 دوكانە".

ڕۆژی 2024/2/27، بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێكی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر، لە كۆی دوو هەزار و 400 دوكان، 166 دوكانی بازاڕەكە زیانیان پێگەیشت، وەك هاوكاری و دەستگیرۆیی كاسبكار و دوكاندارانی بازاڕەكەش، ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر لە دانیشتنی ژمارەی 10ی 2024/3/6، بڕیاری دا بەلێخۆشبوونی (یەك ساڵ)ی كرێی ساڵانە و (شەش مانگ)ی لێخۆشبوون لە ڕسووماتی خۆڵ و خاشاكی هەموو ئەو دوكانانەی بازاڕەكە، كە گرێبەستیان لەگەڵ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر هەیە و بەهۆی ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكە زیانیان بەركەوتووە.



وشە - رامیار جەواد