پەرلەمانتارێك: بڕیارەكانی سەرۆكی حكوومەت پێوەندی بە هەڵبژاردنەوە نییە

:: PM:08:38:27/03/2024 ‌

كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەوەتەی دروست بووە هەوڵی داوە بارقورسیی سەر شانی هاووڵاتییان سووك بكات، ئەو دۆخە ئابوورییەی هاوكات بوو لەگەڵ دەستبەركاربوونی ئەو كابینەیە سەخت بوو، بەڵام بەهۆی پلانی تۆكمە و سووربوونی سەرۆكی حكوومەت، توانرا زۆرێك لەو سەختییانە تێپەڕ بكرێت، ئەمڕۆش سەرۆكی حكوومەتی هەرێم جارێكی تر دووپاتی لەو رەوتەی كارەی كابینەكەی كردەوە.

سەعید مستەفا، پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان دووپاتی كردەوە كە بڕیارەكانی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران هیچ پێوەندییەكی بە هەڵبژاردن و بانگەشەی هەڵبژاردنەوە نییە، كە بڕیارە لە 10ی حوزەیرانی داهاتوو بێتە سازكردن، ئەوەی هەیە هەوڵێكە لە سنووری تواناكان بۆ سووككردنی ئەو تەنگژەی ساڵانێكە هاووڵاتییانی كورد تیایدا دەژین، كە بەهۆی رەوانەنەكردنی بودجە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە سەری هەڵداوە. 

روونی كردەوە، دانی مووچە و دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبوون بەسەر فەرمانبەران و كەمكردنەوەی باج، چەند هەنگاوێكی گرنگن كە حكوومەتی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی ئەو تەنگژە ئابوورییەی بەغدا هۆكاری دروستكردنی بووە، ئەوەش بەهۆی رەوانەنكردنی بودجە و پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و بەكارهێنانی وەك كارتێكی سیاسی، ئەگەرچی پێویستە ماف و قووتی هاووڵاتییان لە ناكۆكیی سیاسی بەدوور بگیرێت.

شایەنی باسە ئەمڕۆ چوارشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەركرد، لەوانە دابەشكردنی مووچەی مانگی دووی ئەمساڵی مووچەخۆران و دابەشكردنی زەوی نیشتەجێبوون بەسەر مامۆستا و فەرمانبەران و لێخۆشبوون لە 20%ی قەرزی ئاو و كارەبا و هاتوچۆ. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل