مووچەخۆران بە دڵخۆشییەوە: پێدانی پارچەیەك زەوی بەتەواوی ژیانمان دەگۆڕێ و باشتر دەبێت

:: PM:10:59:27/03/2024 ‌

مامۆستا و فەرمانبەران خۆشحاڵن بە بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، دووپاتی دەكەنەوە كە دابەشكردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون بەسەریان بڕیارێكی دڵخۆشكەر و پڕبایەخە، چونكە پێدانی زەوی بە مووچەخۆران لەم كاتەدا زۆر پێویستە و زۆرینەی فەرمانبەر و مامۆستایان خاوەن خانوو و زەوی خۆیان نین و كرێچین و ژیانیان سەختە.

ئەمڕۆ مەسروور بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەندین بڕیاری گرنگی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان راگەیاند، كە بوونە جێی دڵخۆشی و ئومێدی تەواوی چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان، بەتایبەتی مامۆستا و فەرمانبەران، كە تا ئێستە سوودمەندنەبوون كە وەرگرتنی زەویی نیشتەجێبوون.

شۆڕش ئەحمەد وەك مامۆستایەك بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارەكە بەتەواوی جێی دڵخۆشی و دەستخۆشییە، پێدانی پارچەیەك زەوی بە فەرمانبەران لەم كاتەدا زۆر پێویستە، چونكە زۆرینەی فەرمانبەر و مامۆستایان خاوەنی خانوو و زەوی خۆیان نین و كرێچین و ژیانیان سەختە.

روونی كردەوە، تێكڕای بڕیارەكانێ ئەمڕۆی سەرۆكی حكوومەت بۆ هاووڵاتیان گرنگ و پڕبایەخ بوون و هیوادارم هەمیشە لەم جۆرە بڕیارانە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بدات و بەردەوام بێت، هەرچەندە لە ماوەكانی رابردوو لە خزمەت و دڵخۆشكردنی خەڵكی كوردستان درێغی نەكردووە.

هەر لەمبارەیەوە ئەیووب ئیبراهیم، فەرمانبەر بە "وشە"ی گوت، من زیاتر لە 10 ساڵە فەرمانبەرم و هێشتا پارچەیەك زەویم وەرنەگرتووە و كرێچیم، بۆیە بەتەواوی بەم بڕیارەی سەرۆكی حكوومەت دڵخۆش و ئاسوودە بووم، بەدڵنیاییەوە پێدانی پارچەیەك زەوی بەتەواوی ژیانمان دەگۆڕێت و باری ژیانمان باشتر دەبێت.

ئاماژەی كرد، مووچەخۆر ئەگەر كرێچی بێت، دۆخی ژیانی زۆر سەخت و دژوار دەبێت و كرێی خانووەكەی بەتەواوی بارگرانییە بۆ سەر بژێوی و مووچەكەی، بۆیە رەنگە نیوە یان زیاتری مووچەكەی بداتە كرێ خانوو، ئیتر پێداویستییەكانی تری بەئەستەم بۆ دەكڕدرێت.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل