ئێران كیڵگە هاوبەشەكانی نەوت لەگەڵ عێراق بۆ خۆدزینەوە لە سزاكان بەكاردێنێت

:: PM:05:02:28/03/2024 ‌

ئێران و عێراق سنوورێكی دوورودرێژیان هەیە، بۆیە چەندان كێڵگەی نەوت و غازی هاوبەشیان لە نێواندا هەیە كە كەوتوونەتە ناو سنووری هەردوولا و ئەوان هاوبەشن، ئێستە ئێران دەیەوێ بەجۆرێكی تر سوود لەو نەوتە وەربگرێت بۆ خۆدزینەوەی لە سزاكانی ئەمەریكا، كە رەنگە ئەوەش توڕەیی ئەمەریكا لە حكوومەتی سوودانی زیاتر بكات، ئەگەر خۆی رێگەی پێ نەدابێت.

سەرەڕای پێشبینییەكان بەوەی بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆكراینا، نرخی نەوت لە دنیا روو لەهەڵكشان دەكات، كە ئەوەش لە بەرژەوەندیی ئەمەریكا و ئەوروپا و وڵاتانی بەكارهێنەری نەوت نەبوو، كەچی ئەوە رووی نەدا، رەنگە یەكێك لە هۆكارەكانی سووككردنی ئەمەریكا بێت بۆ سزاكانی لەسەر ئێران و چاوپۆشیكردن لە فرۆشتنی زیاتری نەوتەكەی، بۆ پاراستنی نرخی نەوت لە ئاستێكی دیاریكراودا.

گرانبوونی نرخی نەوت راستەوخۆ كار لە ناوخۆی ئەمەریكا دەكات و نرخی بەنزین و سووتەمەنی لەو وڵاتە بەرز دەبێتەوە، ئەوەش بۆ سەرۆكی ئەمەریكا باش نییە، بۆیە رێگە بە ئێران درا بۆ ئەوەی بەهەر شێوەیەك و بەهەر نرخێك نەوتەكەی بگاتە بازاڕ بۆ رێگرتنی لە بەرزبوونەوەی نرخەكەی وەك رووسیا و سعوودیە دەیانویست، ئێستە ئێران نەوتێكی زۆر بە نرخی هەرزانتر دەفرۆشێتە چین، ئەوەش وای كردووە چین نەوتی كەمتر لە بازاڕ بكرێت، بۆیە نرخی نەوت سنووردار بووە.

لەلایەكی تر ئێران سوود لە عێراق دەبینێت، وەك دەروازەیەكی تری فرۆشتنی نەتەكەی، چونكە نەوتی عێراق سزای لەسەر نییە، بۆیە دەكرێت سوود لە بیرە نەوتە هاوبەشەكانی نێوان بەغدا و تاران وەربگیرێت و نەوتی لێ بەرهەم بێت و بەناوی نەوتی عێراق بێتە فرۆشتن، سایمۆن واتكینز، شارەزای ئابووری دەڵێت، نەوتێكی زۆر بەشێوەیەكی نافەرمی لە كێڵگە هاوبەشەكانی عێراق و ئێران بەرهەم دێت. 

عێراق و ئێران خاوەنی حەوت كێڵگەی نەوتی گەورە و بچووكی هاوبەشن، بەپێی پلانی هاوبەشی هەردوو وڵات، پەرەپێدانی كێڵگە بچووكەكان بە كۆمپانیا ناوخۆییەكانی سەر بە سوپای پاسداران و میلیشیا شیعەكان دەسپێردرێت، كێڵگە گەورەكانیش بە كۆمپانیا چینی و رووسییەكان، بەرهەمەكەشی نازانرێت نەوتی عێراقە یان ئێران، بۆیە بە رێگایەكی تری خۆدزینەوەی ئێران لە سزاكانی سەری دادەنرێت و عێراق دەتوانێت بەناوی نەوتی خۆی بیفرۆشێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل