وەزیری شارەوانی وردەكاریی زیاتر لەسەر دابەشكردنی زەوی ئاشكرا دەكات

:: PM:09:32:28/03/2024 ‌

دوێنێ مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان موژدەیەكی خۆشی بە مووچەخۆران دا بە دابەشكردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون بەسەریاندا، ئەمشەو وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان وردەكاریی زیاتر و وادەی دەست پێكردنی ئامادەسازییەكانی بۆ ئەو پرۆسەیە راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەم ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند، دابەشكردنی زەوی بڕیارێكی گرنگ بوو، كە لە 2006ەوە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش نەكراوە، بۆیە دوای 18 ساڵ، مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیران بڕیارێكی گرنگی لە بەرژەوەندیی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەركرد كە تا ئێستە سوودمەند نەبوونە، ئەوەش دەرفەتێكی گرنگە بۆ خەڵك كە دۆخی ناهەمواری ئابوورییان سووكتر دەكات.

لەبارەی شێوازی دابەشكردنی ئەو زەوییانە گوتی، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دامەزراوەكانی وەزارەتەكەی و پارێزگاكان كۆ دەبنەوە، بۆ ئەوەی رێنوێنییان پێ بدەن تا دەست بە دیاریكردنی زەوی و دەستنیشانكردنی ژمارەی ئەو پارچە زەوییانەی هەیە بەشێوەی خەمڵاندن، بكەن.

وەزیری شارەوانی دووپاتی كردەوە، لەگەڵ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كۆ دەبنەوە بۆ دەركردنی رێنوێنی و خاڵەكان، بۆ ئەوەی روون بێتەوە بڕیارەكە كێ دەگرێتەوە، كە هەر كەسێك مووچەخۆری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت لە مەدەنی و سەربازی مافی وەرگرتنی زەوی هەیە، سەبارەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی وانەبێژ لەكاتی دانانی رێنوێنییەكان هەموو ئەوانە روون دەبێتەوە و بنەمای دادپەروەری رەچاو دەكرێت.

وەزیری شارەوانی ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە داهاتوودا كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانای دارایی هەبێت، بیر لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر دەكاتەوە و بە دڵنیاییەوە یەكێك لەوانەش بۆ خزمەتی هاووڵاتییان و فەرمانبەران پێشكەشكردنی قەرزی خانووبەرەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل