لە ئاگاداریەكی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كۆیەدا هاتووە، بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، هەردوو پڕۆژەی ئاوی "بۆگد - كۆیە" و "تەقتەق - كۆیە" بە ناچاری وەستێندرا.
ئەمڕۆ هەینی 29ی ئاداری 2024، لەراگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كۆیە هاتووە، بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و بەهۆی تێکەڵبوونی نەوتی رەش لەگەڵ ئاوی زێی بچووک "دووکان" بەهۆی ئەو رووداوە هاتووچۆیەی کە دوێنێ لە شارۆكەی دووکان روویداوە لە نێوان تانکەری گواستنەوەی بارهەڵگرێکی نەوتی رەش و بەشێک لەو نەوتە ڕەشە تێکەڵی ئاوی زێی بچوک بووە.
ئاوی كۆیە روونی كردووەتەوە، ئاوی زێی بچووک (دووکان) سەرچاوەی وەرگرتن و دابینكردنی ئاوە بۆ کۆیە و بەشێک لە گوندەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆیە.
"بۆیە لە سەعات 5:30 ی ئێوارەی ئەمڕۆ رۆژی هەینی رێکكەوتی 29ی ئاداری 2024، هەردوو پرۆژەی ئاوی ( بۆگد - کۆیە) و (تەق تەق - کۆیە) وەستێنرا و لەئێستادا دابەشکردنی ئاو لە سەنتەری کۆیە و بەشێک لە گوندەکان وەستێنراوە."
لە راگەیەنراوەكە ئاماژە بۆ كاتی هاتنەوەی ئاوی كۆیە كراوە و هاتووە، چاوەڕوانی پاکبوونەوەی ئاوی زێی بچووکین و وەهەر کاتێک ئاوی زێی بچووک پاک بووەوە دەست دەکرێتەوە بە دابەش کردنی ئاو.
لە كۆتایی ئاگادارییەكەشدا هاتووە، داواکارین لە هاوڵاتییانی شارەکەمان ئەو ماوەیە بە وشیارییەوە ئاو بەکاربهێنن و هاوکارمان بن.