شارەزایەك هۆكارەكانی نەرمبوونی بەغدا بۆ هەڵوێستەكانی پارتی دەگەڕێنێتەوە

:: PM:10:18:03/04/2024 ‌

ئەمڕۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە بە هاوكاریی هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان توانرا چارەسەرێكی گونجاو بۆ كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدۆزرێتەوە، شارەزایان ئەو نەرمییەی بەغدا بە پێداگریی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرانبەر بە بەغدا و بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی دەبەستنەوە لەوانەش بەشداریكردن لە هەڵبژاردن.

د. نەوزاد هێتوتی، شارەزا و پسپۆڕ لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە پۆستێك لە فەیسبووك نووسیویەتی، سێ فاكتەری سەرەكی هەن بۆ ئەوەی تا رادەیەك بەغدا لە پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەران نەرمی بنوێنێت، یەكەم، لە 15ی ئەم مانگە سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتۆن دەكا و لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا كۆ دەبێتەوە، ئەم هەنگاوەش بۆ ئەوەیە بە واشنتۆن بڵێن كە كیشەی مووچەمان لەگەڵ هەرێم چارەسەر كردووە، بۆ ئەوەی ئەمەریكا باسی ئەو پرسە نەكا یان گوشار لەسەر سوودانی دروست نەكات.

زیاتر گوتی، دووەم هۆكار هەڵوێستی پارتی و دژایەتیكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییە، كە بەغدا دەیەوێ لەو رێگەوە هەڵوێستی پارتی نەرمتر بكات، بەتایبەتی ئێستە كە هەموو كەسێك دەزانێت بڕیارەكانی دادگای نافیدراڵی سیاسین و هیچ پێوەندییان بە دەستوورەوە نییە.

ئەو پسپۆڕە دووپاتی كردەوە، سێیەم هۆكار هەڵوێستی پارتییە بە بەشدارینەكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئاماژەدان بە ئەگەری كشانەوە لە پرۆسەی سیاسیدا، ئەم سێ فاكتەرە كاریگەرییان لەسەر نەرمبوونی سیاسەتی بەغدا و تەنانەت هەڵویستی دادگای فیدراڵی هەیە، بەڵام مەرج نییە تا سەر بێت و بە گۆڕینی هاوكێشەكان ئەم سیاسەتەش دەگۆڕێت. 

هێتوتی دووپاتی كردەوە، گرنگە لەم قۆناغەدا پارتی دووپات لە چارەسەركردنی چەند  پرسێكی ستراتیجی بكاتەوە، لەوانە شایستە داراییەكانی هەرێم و هەناردەكردنەوەی نەوت و گوڕینی ئەم دادگا نافیدراڵییە و دامەزراندنی بەپێ بڕگە و مادەكانی دەستوور.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل