پۆستی سەرۆكی شارەوانیی وان گەڕێنرایەوە بۆ پارتی دەم

:: AM:12:28:04/04/2024 ‌
دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگا پۆستی سەرۆكی شارەوانیی وان لە "عەبدوڵا زێدان" بەربژێری "دەم پارتی" وەرگیرابووەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی توركیا پۆستی سەرۆكی شارەوانییەكەی بۆ گەڕاندەوە. 

ئەمڕۆ چوارشەم سێی نیسانی 2024، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریان لەبارەی پۆستی سەرۆكی شارەوانیی وان دا. 

لە بڕیارەكەی كۆمسیۆندا هاتووە، دەبێ پۆستی سەرۆكی شارەوانی وان بۆ "عەبدوڵا زێدان"ی بەربژێری پارتی دەم بگەڕێنرێتەوە. 

ئەمەیش دوای ئەوە دێت كە لە رۆژی یەكشەم 31ی ئاداری 2024، عەبدوڵا زێدان بەربژێری پارتی دەم بە بەدەستهێنانی رێژەی %55ی دەنگەكان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، لە سنووری شارەوانیی وان سەركەوتنی بەسەر ركابەرەكەی خۆی كە بەربژێری حزبی فەمانڕەوای توركیا "ئاكپارتی" بوو، پۆستی سەرۆكی شارەوانییەكەی پێدرا. 

دواتریش لەسەر سكاڵایەك، دادگا پۆستی سەرۆكی شارەوانیی لە عەبدوڵا زێدان وەرگرتەوە و ئەمڕۆیش بەهۆی گوشارەكان و پەرلەمانتارە كوردییەكانی وان و جەماوەری شارەكە وای كرد ئەم ئێوارەیە بگەڕێتەوە سەر پۆستەكەی.
 


وشە - پۆڵا مەحموود