پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ یادی 44 ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی

:: AM:11:30:04/04/2024 ‌
سەرۆك بارزانی بۆ ساڵوەگەڕی ئەنفالی كوردانی فەیلی پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، خوشك و برایانی فەیلی ئازاری زۆریان بەدەست حكوومەتی عێراق چەشتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری نیسان، لە پەیامێكی سەرۆك مەسعوود بارزانیدا هاتووە، خوشك و برایانی كوردی فەیلی لەناو دەوڵەتی عێراقدا، ئازار و مەینەتی و دەربەدەریی زۆریان چەشتووە. تەنیا تاوانیان پشتگیریكردنی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و كوردبوونەكەیان بووە. دەركردن و لێسەندنەوەی ناسنامە لە سەدان هەزار كەس لە خوشك و برایانی كوردی فەیلی و بێسەروشوێنكردنی هەزاران گەنجی فەیلی لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە، تاوان و زوڵمێكی زۆر گەورە بوو، بەشێك بوو لەو زنجیرە تاوانە ڕێكخستووانەی كە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی كوردستان ئەنجامیان داوە.

سەرۆك دەڵێت، پێویستە حكوومەتی فیدراڵی عێراق، بە ئەركی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ و ناسنامە و قەربووكردنەوە و نەهێشتنی ئاسەواری جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی جێبەجێ بكات.

باسی لەوەش كردووە، لە یادی 44 ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا، سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین. ڕۆڵ و دڵسۆزیی خوشك و برایانی فەیلی بۆ دۆزی نەتەوەكەیان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، هیچ كاتێك لە یاد ناكرێت.


وشە - رامیار جەواد