پەكەكە كێشەكانی لە ناوچەیەكی تری كوردستان زەق دەكاتەوە

:: PM:01:28:08/05/2017 ‌

هەڵكردنی ئاڵای پەكەكە و وێنەی ئۆجەلان لە یەكێك لە باخچەكانی كەركووك، لەناو بەرپرسانی پارتە كوردستانییەكاندا هەڵوێستی جیاوازی لێ دەكەوێتەوە، بەڵام بەرەی توركمانی بەیاننامەی ناڕەزایی دەردەكات.

لە بەیاننامەیەكدا بەرەی توركمانی ناڕەزایی خۆی لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای پەكەكە لە شوێنێكی گشتیی ناوشاری كەركووك دەربڕی و داوای هەڵوێست لە حكوومەتی خۆجێیی كەركووك دەكات و بە كارێكی "نایاسایی" هەژمار دەكات.

پەرلەمانتار شوان داودی نوێنەری كەركووك لە پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕای دەگەیەنێت كە هەڵكردنی ئاڵای پەكەكە لە فولكەی ئیخوان لە گەڕەكی ڕەحیماوە، كاردانەوەی لایەنگران و هەوادارانی پەكەكەیە لە هەمبەر هەڵكردنی ئاڵای توركیا لە یاریگەی موسەڵا لە كاتی ئاهەنگگێڕانی بەرەی توركمانی بەبۆنەی دامەزراندنی حزبەكەیان.

داودی زیاتر دووپاتی دەكاتەوە كە نە هەڵكردنی ئاڵای توركیا و نە هی پەكەكە، بە ئاگەداری ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك و لیژنەی تەناهی نەبووە تا ئێستە داوای لادانی لێ بكرێت، بۆیە باشتر بوو كە بەرەی توركمانی لە بری ئەوەی داوای داگرتنی ئاڵای پەكەكە لە ئەنجوومەنی پارێزگە بكات، ئاماژەی بۆ قارەمانێتیی هێزەكانی پێشمەرگە بكردایە لە تێكشكاندنی هێرشە تیرۆریستییەكانی داعش و پاراستنی پێكهاتەكانی شارەكە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بۆ هەڵوێستی پێكهاتەی عەرەبی كەركووكیش دەكات لە پشتگیریی پێشمەرگە و ڕای دەگەیەنێت، ئێمە لەگەڵ برایانی عەرەب دووپاتمان لە ڕزگاركردنی حەویجە كردووەتەوە بۆ كۆتاهێنان بە ئازاری ئاوارەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ جێگە و ڕێگەی خۆیان. بۆ ئەوەی چیتر حەویجە نەكرێتە بنكەیەك بۆ ڕێكخستنەوەی چەكدارانیان و هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئابوورییەكانی كەركووك. 

هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر زاری دكتۆر محەمەد خورشید بەرپرسی لقی سێی كەركووك ئاشكرا دەكرێت و ڕای دەگەیەنێت، هەڵكردنی ئاڵای پەكەكە لە ناو شاری كەركووكدا پێشێلكارییەكی ڕوون و ئاشكرایە و پەكەكە مۆڵەتی یاسایی كاركردنی لە عێراق و كوردستاندا نییە و پێشێلكارییەكی زەقی یاسای حزبەكانە. خورشید بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، "پەكەكە مافی هەڵكردنی دروشم و ئاڵا و وێنەی سەركردەكانیان نییە".

پەیامنێری "وشە" لە كەركووك بەپێی بەدواداچوونەكانی بۆی دەركەوت، دوو ساڵ زیاترە ئەو ئاڵا و وێنەیە هەڵكراوە، بەڵام سەرنجی بەرپرس و پێكهاتەكانی كەركووكی رانەكێشاوە.

كەركووك/ نەبەز ڕۆستەم



وشە - تایبه‌ت