دوای هۆشداریی پسپۆڕێك عێراق ئامادەباشی بۆ بوومەلەرزە راگەیاند

:: PM:08:14:04/04/2024 ‌
دوای ئەوەی پسپۆڕێكی بواری بوومەلەرزە هۆشداری لە روودانی بوومەلەرزەیەكی بەهێز دا، ئەمڕۆ دەستەی گشتيی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی رای گەیاند، تیمێكی "سربی" لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەمەریكی نێردراوەتە عێراق بۆ راهێنانی كارمەندانی دەستەكە بۆ پێوانی بوومەلەرزەی گوڕى بەهێز. 

دەستەی گشتيی كەشناسی و بوومەلەرزەزانيی عێراق رای گەیاند، دەستەكەیان 11 وێستگەی پێشكەوتوو و ئامێری بۆ پێوانی پلەكانی بوومەلەرزە و گوڕە وێرانكەرەکان داناوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری نیسانی 2024، عامر جابری بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندنی دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دەستەكەیان دەستی كردووە بە دانانی 11 وێستگەی پێشكەوتووی ئەمەریكی بوومەلەرزە، لە هەر یەك لە شارەكانی كەركووك، مووسڵ، بەغدا، بەدرە، رەفاعی و رەتبە.

جابری ئاماژەیشی دا، وێستگە بوومەلەرزەییەكان بەسەر چوار وێستگەی فراواندا دابەش كراون لەگەڵ شەش ئامێری پێوانەكردنی فریكوێنسی بۆ پێوانی بوومەلەرزە، ئەمە جگە لە دانانی ئامێرێكی تریش بۆ بارەگای دەستەی بوومەلەرزەزانی لە بەغدا كە بوومەلەرزە وێرانكەرەكان پێوانە دەكات. 

ئەم بەرپرسەی عێراق روونی كردەوە، لە ئێستەدا كۆمپانیای "كینا مێتریكس"ی ئەمەریكی تیمێكی پسپۆڕی سربی بۆ عێراق رەوانە كردووە و خوول و وانە بە كارمەندانی بەشی دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق دەڵێنەوە. 

ئەم هەوڵانە، دوای ئەوە دێت كە دوێنی پسپۆڕێكی بوومەلەرزەزانیی عێراقی رای گەیاند، پێشبینی دەكرێت بوومەلەرزەیەكی بەهێز عێراق بهەژێنێت.
 


وشە - پۆڵا مەحموود