ئێران كەی و چۆن وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە؟

:: PM:11:48:04/04/2024 ‌

ئێران خۆی لەبەردەم كێشەیەكی گەورە دەبینێتەوە، كێشەكە تەنیا ئەوە نییە ناتوانێت بەدڵی خۆی و وەك پێویست وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە، ئەو شۆك بووە و سەری لەوە دەرناكات كە ئیسرائیل چۆن بە هاتنی فەرماندەكەی سوپای پاسدارانی بۆ دیمەشق و كۆبوونەوە نهێنییەكە زانیوە، دواتر چۆن تەلارێكی دیپلۆماسی بۆردمان كردووە، ئەوەش واتە بۆ لەمەودوا هیچ ئامانجێكی ئەو وڵاتە و فەرماندەكانی لە سووریا پارێزراو نابن، بەڵام چۆن وەڵام دەداتەوە؟

سبەی دوایین هەینییە لە مانگی رەمەزان، واتە ئەو رۆژەی ئێران ناوی ناوە "رۆژی قودس"، كە ساڵانە لەو رۆژە سووربوونیان لەسەر ئازادكردنەوەی قودس دووپات دەكەنەوە، كێشەكە ئەوەیە بەشێكی راپۆرت و شارەزایان پێیان وایە رەنگە ئێران لەو رۆژە وەڵامی هێرشەكەی دیمەشقی بداتەوە، لەوكاتەی ئەمڕۆ تەرمی كوژراوانی لە سووریاوە گەیشتنەوە تاران، بۆیە پێ دەچێت وەڵامدانەوەی ئێران نزیك بووبێتەوە.

محەمەد رەزا زاهدی بەر لە 24 سعات لە هێرشەكە گەیشتبووە دیمەشق، لەگەڵ دوو فەرماندەی تری پاسداران لە تەلاری باڵوێزخانەی ئێران دەمانەوە، ئەو سێ فەرماندە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی پێوەست بە ئۆپراسیۆنەكان لەوێ بوون، ئێران ناچارە بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی هێرشی هاوشێوەی ئیسرائیل وەڵام بداتەوە، بەڵام وەڵامدانەوەی هەر بە رەوتی كاری كۆنە، واتە خۆبەدوورگرتن لە شەڕی راستەوخۆی ئیسرائیل و ئەمەریكا و ئەگەری پەرەسەندنی هێرشی میلیشیاكانی لە ناوچەكە، واتە وەڵامدانەوەی سنووردار دەبێت.

بۆ ئیسرائیل نێچیرەكە ئەوەندە گەورە بوو كە نەیتوانی كۆنترۆڵی خۆی بكات، بەتایبەتی كۆبوونەوەی ئەو فەرماندە باڵایانە بەیەكەوە، بۆیە تەلاری كونسوڵگەی ئێرانی بۆردمان كرد، ئێستەش لەبەرژەوەندیی ئێران نییە راستەوخۆ شەڕی ئیسرائیل بكات، چونكە دەكەوێتە بەرانبەر بە ئەمەریكا، كەناڵی 14ی ئیسرائیل دەڵێت، چوار سیناریۆ بۆ وەڵامدانەوەی ئێران هەیە، لە بەرانبەردا لێكگەیشتنێك لە نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل هەیە بەوەی ئەگەر پێویست بكات ئەمەریكا بەو چەكانەی لە ناوچەكە هەیەتی بەرگری لە ئیسرائیل دەكات. 

سیناریۆكان بریتین لە: 

یەكەم/ ئێران پەلە نەكات و چاوەڕوانی هەلێكی گونجاو بكات تا ئەوكاتەی ئامانجێكی شێوەیی دیاری دەكات، بەڵام بەهۆی گوشاری ناوخۆیی و ناوبانگی خۆی لەناو میلیشیاكانی وا دەكەن چاوەڕوان نەكات.

دووەم/ وەڵامدانەوەیەكی خێرا لە رێگەی كردنەئامانجی كەشتی و باڵوێزخانە و كەسایەتییە ئیسرائیلییەكان لە دەرەوە، بەڵام ئەو بژارەش لەلایەن ئیسرائیل بە هاوشێوە وەڵام دەدرێتەوە و دۆخەكە زیاتر پەرە دەستێنێت.

سێیەم/وەڵامدانەوە لە رێگەی حزبوڵا و كردنەوەی بەرەیەكی شەڕ لە لبنانەوە، كە ئەوەش نازانرێت حزبەكە بۆ ئێران دەكات یان نا، چونكە ئەگەر بكرێت لبنان وێران دەبێت.

چوارەم/ سیناریۆی رۆژی قیامەت، واتە ئێران هێرش بكاتە سەر ئامانجە گرنگەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا و شەڕی سەرانسەری بكات، كە ئەوەش ئەنجامەكانی وێرانكەر دەبێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل