پەیامی سەرۆكی حكوومەت لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش

:: AM:10:43:05/04/2024 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنێت، بڕیاری 688 وەرچەرخانێكی مێژووییە لە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان لە پێناو مافە ڕەواكانیدا.

ئەمڕۆ هەینی پێنجی نیسان، لە پەیامێكی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، ئەمڕۆ ( 33 ) ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیاری 688 ی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان تێدەپەڕێت كە لە 1991/4/5 لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق بۆ سەر كۆڕەوی ملیۆنی خەڵكی كوردستان بەرەو سنوورەكان هاتە ئاراوە. 

سەرۆكی حكوومەت دەڵێت، ئەم بڕیار گرنگ و مێژووییەی ئەنجوومەنی ئاسایش، بووە بنەمایەك بۆ دانانی ناوچەی دژە فڕین و لە ئەنجامدا سنوورێكی بۆ هێرش و زوڵم و ستەمكارییەكانی رژێمی بەعس دانا و كوردستانی لە جینۆسایدێكی دیكە پاراست و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای گەلی كوردستانەوە هات و دواتریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام درا و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهات. 

باسی لەوەش كردووە، بڕیاری 688 وەرچەرخانێكی مێژووییە لە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان لە پێناو مافە ڕەواكانیدا. لەم یادەدا، ڕێز و پێزانینێكی زۆرمان بۆ هاوكاری و پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنسا هەیە، بەتایبەتی پشتیوانی و پشتگیریی خوالێخۆشبووان سەرۆكی پێشووتری فڕەنسا فرانسۆ میتران و هاوژینەكەی دۆستی دڵسۆزی گەلی كورد خاتوو دانیێل میتران هەرگیز لە یاد ناكرێت. هەروەها پشتگیری خوالێخۆشبوو سەرۆكی ئەمەریكا جۆرج بوش و هەروەها جۆن مەیجەر سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی بەریتانیا و جەیمس بەیكەر وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمەریكا مایەی ڕێز و پێزانینی خەڵكی كوردستانە. لە هەمانكاتدا سوپاسی هاوكاری و یارمەتییەكانی هەردوو وڵاتی ئێران و توركیاش دەكەین كە سنوورەكانیان بەڕووی سەدان هەزار پەنابەری هەرێمی كوردستان كردەوە.  

لە كۆتایی پەیامەكەی هاتووە، لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688 ، دووپاتی دەكەینەوە كە هێشتا مەترسی و هەڕەشە لە سەر خەڵكی كوردستان و ماف و دەسكەوتەكانی هەیە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، هەڵوێستی جیددی لە پاراستنی خەڵكی كوردستان و داكۆكیكردن لە مافە ڕەواكانیدا هەبێت و دڵنیایی بدات كە خەڵكی كوردستان پارێزراو دەبێت و جارێكی دیكە ڕووبەڕووی شاڵاوەكانی جینۆساید و پێشێلكردنی مافەكانی نابێتەوە.



وشە - رامیار جەواد