بافڵ لە رێككەوتنی مووچە نیگەرانە و سبەی بۆ تێكدانی دەچێتە بەغدا

:: PM:05:37:05/04/2024 ‌
میدیای یەكێتی بڵاوی كردەوە سبەی بافڵ دەچێتە بەغدا و نیگەرانییەكانی لەبارەی رێككەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، بە جۆرێك پیلانگێڕی دەكات تا دۆخەكە تێك بدات. 

ئێستە كە رێككەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەران كراوە و موژدەی چارەسەربوونی مووچە لەلایەن مەسروور بارزانییەوە راگەیەنراوە، بەڵام هەر یەكە لە بافڵ و قوباد لە هەوڵدان دۆخەكە تێك بدەنەوە.

بە نهێنی قوباد تاڵەبانی لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی كۆبووەتەوە، گوایە لە كۆبوونەوەكەدا داوای روونكردنەوەی كردووە لەسەر ئەو رێككەوتنەی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە كراوە. 

هاوكات میدیای یەكێتی بڵاوی كردەوە، سبەی بافڵ تاڵەبانی دەچێتە بەغدا و نیگەرانی لەبارەی رێككەوتنی هەردوو حكوومەت لەبارەی مووچەی فەرمانبەران دەخاتە ڕوو، هەروەك "وشە" زانیویەتی، بافڵ پیلانی هەیە دۆخی مووچەخۆرانی كوردستان تێك بدات كە ئێستە چارەسەر بووە.

یەكێتی لە چارەسەری مووچەدا هیچ رۆڵێكی نەبوو، تەنانەت هیچ قسەیەكی نەبوو لەبارەی مووچەوە بكات، كۆی سەردانەكانی كوڕانی تاڵەبانی لە رابردوودا بۆ باوەشی رەیان كلدانی بووە نەك چارەسەری مووچە. 

رۆژی چوارشەم 3/4/2024، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەنراوێكی فەرمیدا "چارەسەربوونی كێشەی مووچە"ی ڕاگەیاند و دڵنیایی بە خەڵكی كوردستان دا كە لەگەڵ گەیشتنی بودجەی مانگی سێ، دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت لە پێش جەژندا.  

لای خۆیەوە شاندی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی وەزیری دارایی، هەمان رۆژ لە بەغداوە گەڕانەوە هەولێر و دوا رێككەوتنیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بارزانی و سوودانی هەموو بەربەستەكانی بەردەم كێشەی مووچەیان چارەسەر كرد.   

كێشەی مووچەی كوردستان و بە كارتكردنی بۆ گوشار لەلایەن بەغداوە، لە شوباتی 2014 دەستی پێ كرد، كاتێك نووری مالیكی بودجەی هەرێمەكەی بڕی، دواتر بەشێوەی جیاواز چارەسەری كاتیی كراوە و دواتر لە دۆخێكی تردا بەغدا وەك كارتی برسیكردن بەكاری هێناوەتەوە بۆ لاوازكردنی كوردستان، بەڵام هیچ كات حكوومەتی هەرێم ئامادە نەبوو دەست لە مافە دەستوورییەكانی خۆی هەڵبگرێت و مل بۆ ئەو گوشارانە بدات.  

لە دوا ڕێككەوتنیشدا سەرۆكی حكوومەت ئەوەی مسۆگەر كرد كە لیستی مووچەی پێشمەرگە و دەزگا تەناهییەكانی كوردستان، بە "كۆد" بنێرن نەك ناوی سیانی. لە كاتێكدا عێراق بۆ ماوەی 15 رۆژ دەستی بەسەر مووچەی دەزگا تەناهییەكان و پێشمەرگەدا گرت، بۆ ئەوەی كێشە بخاتە نێوان فەرمانبەری مەدەنی و سەربازیی، بەڵام چارەسەرەكە بە دڵی كوردستان و سەروەرییەكانی تەواو بوو.



وشە - وشه‌