وەزارەتی دارایی و ئابووریی خشتەی مووچەی مانگی سێی راگەیاند

:: PM:07:49:05/04/2024 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی بڵاو كردەوە و بەپێی خشتەكە لە ماوەی سێ رۆژدا و بەر لە جەژن مووچەی تەواوی مووچەخۆران دابەش دەكرێت. 

ئەمڕۆ هەینی 5ی ئاداری 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، سبەی  ڕۆژی شەممە شەشی نیسانی 2024،  دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت و تا پێش جەژنی ڕەمەزان مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.

لەگەڵ بڵاوكردنەوەی خشتەكەیشدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی بە تێبینی نووسیویەتی،  ئەم خشتەیە بەپێی کاتی هاتنی تەمویلی وەزارەتی دارایی عێراق دانراوە، لەکاتی دروستبوونی هەر گۆڕانکاریەک لە هاتنی تەمویلەکە گۆڕانکاری لە خشتەکەشدا دەکرێت.

رۆژی چوارشەم 3/4/2024، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەنراوێكی فەرمیدا "چارەسەربوونی كێشەی مووچە"ی ڕاگەیاند و دڵنیایی بە خەڵكی كوردستان دا كە لەگەڵ گەیشتنی بودجەی مانگی سێ، دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت لە پێش جەژندا.  

لای حۆیەوە شاندی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی وەزیری دارایی، هەمان رۆژ لە بەغداوە گەڕانەوە هەولێر و دوا رێككەوتنیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بارزانی و سوودانی هەموو بەربەستەكانی بەردەم كێشەی مووچەیان چارەسەر كرد.   

كێشەی مووچەی كوردستان و بە كارتكردنی بۆ گوشار لەلایەن بەغداوە، لە شوباتی 2014 دەستی پێ كرد، كاتێك نووری مالیكی بودجەی هەرێمەكەی بڕی، دواتر بەشێوەی جیاواز چارەسەری كاتیی كراوە و دواتر لە دۆخێكی تردا بەغدا وەك كارتی برسیكردن بەكاری هێناوەتەوە بۆ لاوازكردنی كوردستان، بەڵام هیچ كات حكوومەتی هەرێم ئامادە نەبوو دەست لە مافە دەستوورییەكانی خۆی هەڵبگرێت و مل بۆ ئەو گوشارانە بدات.  

لە دوا ڕێككەوتنیشدا سەرۆكی حكوومەت ئەوەی مسۆگەر كرد كە لیستی مووچەی پێشمەرگە و دەزگا تەناهییەكانی كوردستان، بە "كۆد" بنێرن نەك ناوی سیانی. لە كاتێكدا عێراق بۆ ماوەی 15 رۆژ دەستی بەسەر مووچەی دەزگا تەناهییەكان و پێشمەرگەدا گرت، بۆ ئەوەی كێشە بخاتە نێوان فەرمانبەری مەدەنی و سەربازیی، بەڵام چارەسەرەكە بە دڵی كوردستان و سەروەرییەكانی تەواو بوو.






وشە - پۆڵا مەحموود