شاخەوان عەبدوڵا: بە پێداگیری و خۆڕاگری مەسروور بارزانی كێشەی مووچە كۆتایی هات

:: PM:08:57:05/04/2024 ‌
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، بابەتی كێشەی مووچە كۆتایی هاتووە، دووپاتیشی كردەوە ئەمەیش لە ئەنجامی پێداگیری و خۆڕاگریی سەرۆك وەزیرانی كوردستان مەسروور بارزانی بووە، لەبارەی پرسی دانانی پارێزگاری كەركووكیش دووپاتی كردەوە، پێش جەژن كۆتایی بەم مەلەفەش دێت. 

ئەمڕۆ هەینی پێنجی نیسانی 2024، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، بە خۆڕاگری و پێداگيری مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بیانوونەهێشتن بۆ لایەنی عێراقی لە بابەتی دیوانی چاودێريی دارایی لە لیستەكانی مووچە و چەند پرسێكی تر، وای لە لایەنی عێراق كرد كە دەست بە ناردنی پارە بكات بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. 

شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەیشی كرد، بۆ بابەتی مووچەی دەزگا تەناهییەكان و پێشمەرگە، دووبارەوە خۆڕاگری و پێداگيری سەرۆك وەزیران وای كرد كە كێشەی مووچە كۆتایی پێبێت و ئیتر بڕیار دراوە لەگەڵ مووچەخۆرانی عێراق، هەموو مانگێك مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بنێردرێت. 

رۆژی چوارشەم 3/4/2024، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەنراوێكی فەرمیدا "چارەسەربوونی كێشەی مووچە"ی ڕاگەیاند و دڵنیایی بە خەڵكی كوردستان دا كە لەگەڵ گەیشتنی بودجەی مانگی سێ، دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت لە پێش جەژندا.

لای حۆیەوە شاندی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی وەزیری دارایی، هەمان رۆژ لە بەغداوە گەڕانەوە هەولێر و دوا رێككەوتنیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بارزانی و سوودانی هەموو بەربەستەكانی بەردەم كێشەی مووچەیان چارەسەر كرد.

كێشەی مووچەی كوردستان و بە كارتكردنی بۆ گوشار لەلایەن بەغداوە، لە شوباتی 2014 دەستی پێ كرد، كاتێك نووری مالیكی بودجەی هەرێمەكەی بڕی، دواتر بەشێوەی جیاواز چارەسەری كاتی كراوە و دواتر لە دۆخێكی تردا بەغدا وەك كارتی برسیكردن بەكاری هێناوەتەوە بۆ لاوازكردنی كوردستان، بەڵام هیچ كات حكوومەتی هەرێم ئامادە نەبوو دەست لە مافە دەستوورییەكانی خۆی هەڵبگرێت و مل بۆ ئەو گوشارانە بدات.

لە دوا ڕێككەوتنیشدا سەرۆكی حكوومەت ئەوەی مسۆگەر كرد كە لیستی مووچەی پێشمەرگە و دەزگا تەناهییەكانی كوردستان، بە "كۆد" بنێرن نەك ناوی سیانی. لە كاتێكدا عێراق بۆ ماوەی 15 رۆژ دەستی بەسەر مووچەی دەزگا تەناهییەكان و پێشمەرگەدا گرت، بۆ ئەوەی كێشە بخاتە نێوان فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی، بەڵام چارەسەرەكە بە دڵی كوردستان و سەروەرییەكانی تەواو بوو.

جێگرى سەرۆکى بەرلەمانى عێراق زیاتر گوتى، بۆ دانانی پارێزگاری كەركووك هەنگاوی زۆر باشمان بڕیوە و زۆر نزیكین لەوەی كە حكوومەتێك دروست بكەین، هەموو لایەك تیایدا بەشدار بێت. ئاماژەیشی كرد، دوێنێ لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆیان هەبووە لەگەڵ پێكهاتەی توركمانی و عەرەبی و ئەگەر سبەیش كۆبوونەوەی بەغدا نەبووایە، كۆبوونەوەكانمان بەردەوامی پێ دەدا و هەوڵی ئەوەیش دەدەین بەر لە جەژن كۆبوونەوەیەكی تر بكەین و ئەو مەلەفە كۆتایی پێ بهێنین. 

لەبارەی پێكهاتەی پارێزگاوە، شاخەوان عەبدوڵا روونی كردەوە، جیا لە بەشداری پێكردنی هەموو لایەك، دەبێ رەچاوی ئەنجامی هەڵبژاردنیش بكرێت كە لە كەركووك كورد یەكەمی بەدەستهێناوە.





وشە - پۆڵا مەحموود