لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ پشووی فەرمییە بەڵام مووچەی مانگی ئادار دابەش دەكرێت

:: AM:09:01:06/04/2024 ‌
سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ شەموو شەشی نیسان، لە تەواوی فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشووی فەرمییە، بەڵام لە بانكەكاندا مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی حكوومەت دابەش دەكرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی بڵاو كردەوە و بەپێی خشتەكە، لە ماوەی سێ رۆژدا و بەر لە جەژن مووچەی تەواوی مووچەخۆران دابەش دەكرێت. 

لەگەڵ بڵاوكردنەوەی خشتەكەیشدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی بە تێبینی نووسیویەتی، ئەم خشتەیە بەپێی كاتی هاتنی تەمویلی وەزارەتی دارایی عێراق دانراوە، لەكاتی دروستبوونی هەر گۆڕانكارییەك لە هاتنی تەمویلەكە، گۆڕانكاری لە خشتەكەشدا دەكرێت.

رۆژی چوارشەم سێی نیسان، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەنراوێكی فەرمیدا "چارەسەربوونی كێشەی مووچە"ی ڕاگەیاند، دڵنیایی بە خەڵكی كوردستان دا كە لەگەڵ گەیشتنی بودجەی مانگی سێ، دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت لە پێش جەژندا.  

لای خۆیەوە شاندی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی وەزیری دارایی، هەمان رۆژ لە بەغداوە گەڕانەوە هەولێر و دوا رێككەوتنیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بارزانی و سوودانی هەموو بەربەستەكانی بەردەم كێشەی مووچەیان چارەسەر كرد.   

كێشەی مووچەی كوردستان و بە كارتكردنی بۆ گوشار لەلایەن بەغداوە، لە شوباتی 2014 دەستی پێ كرد، كاتێك نووری مالیكی بودجەی هەرێمەكەی بڕی، دواتر بەشێوەی جیاواز چارەسەری كاتیی كراوە و دواتر لە دۆخێكی تردا بەغدا وەك كارتی برسیكردن بەكاری هێناوەتەوە بۆ لاوازكردنی كوردستان، بەڵام هیچ كات حكوومەتی هەرێم ئامادە نەبوو دەست لە مافە دەستوورییەكانی خۆی هەڵبگرێت و مل بۆ ئەو گوشارانە بدات.  




وشە - سۆران عەزیز