وەزارەتی دارایی بڕیاری دا پلەی فەرمانبەرانی بانكەكان بەرز بكرێتەوە

:: PM:01:23:06/04/2024 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا پلەی فەرمانبەرانی بانكەكان بەپێی یاسا و ڕێنوێنییەكان بەرز بكرێنەوە.

ئەمڕۆ شەموو شەشی نیسان، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نووسراوێكی بە واژووی مەولوود سابیر بەڕێوەبەری گشتیی بانكە بازرگانییەكانی لەسەرە، نووسراوەكەی ئاراستەی سەرجەم لقەكانی بانكە بازرگانییەكانی كردووە، داوای كردووە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی بانكەكان، بەپێی یاسا و رێنوێنیی دیاریكراو دیاری بكرێت.

بەپێی نووسراوەكە، پلەبەرزكردنەوەكە تا یەكی پێنج  بۆیان دەبەسترێت، بە مەرجێك ڕەچاوی مۆڵەتی بێ مووچە و سزا بكرێت.

پێشتریش وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە نووسراوێكدا داوای لە سەرجەم وەزارەتەكان و فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، لیستی مووچەی فەرمانبەرەكانیان بۆ مانگی سێ بە پلە بەرزكردنەوەوە بنێرن، ئەم نووسراوە هەرزوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە و بووە جێی دڵخۆشی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێم، كە لە ساڵی 2016وە پلە بەرزكردنەوەیان بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاوە.



وشە - سۆران عەزیز