كۆبوونەوەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك وەستاون

:: PM:05:37:06/04/2024 ‌

دوای ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق لە 18ی كانوونی یەكەمی رابردوو هاتە سازكردن، حكوومەتی ناوخۆیی لە هەموو پارێزگەكانی دیاری كران و پۆستی پارێزگار پڕ كرایەوە، جگە لە هەردوو پارێزگای كەركووك و دیالە نەبێت، كە كێشەی گەورەیان تیادایە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دووپاتی دەكاتەوە كە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی ناوخۆیی تا دوای سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن وەستاوە.

حەسەن مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لەوەتەی دووەم كۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیران، كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی ناوخۆی كەركووك و كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاگەش وەستاون.

روونی كردەوە، پێ دەچێت كە دانیشتنی داهاتووی هێزە سیاسییەكان لەگەڵ سوودانی لە دوای گەڕانەوەی لە سەردانەكەی بۆ واشنتن بێت، كە لە  15ی نیسان دێتە سازكردن، جیا لەوەی ئەم هەفتەیە مانگی رەمەزانە و دوای ئەوەش جەژن، واتە سێیەم كۆبوونەوە لەگەڵ سوودانی دوا دەكەوێت.  

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پێی وایە دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی ناوخۆیی كەركووك زیان بە بەرژەوەندیی پێكهاتەكانی پارێزگاكە دەگەیەنێت، لە رووی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكان و بودجە و دابەشكردنی پڕۆژەكان بەپێی پێویستی. 

لای خۆیەوە ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لیستی بەرەی توركمانی گوتی، هێشتا دۆخەكە لە كەركووك روو لە ئاڵۆزییە و ئاماژەیەك بۆ چارەسەربوونی تەنگژەی پێكهێنانی حكوومەتی ناوخۆیی نییە، تا ئێستە هەردوو پێكهاتەی كورد و عەرەب دەستیان بە بۆچوونی خۆیان گرتووە و داوای پۆستی پارێزگار دەكەن و سازش بۆ یەكتر ناكەن.

روونی كردەوە، پێدەچێت لە سایەی ئەو پێداگرییەی هەیە، پێشنیازی بەرەی توركمانی بە كردنی پۆستەكە بە قۆناغی خولی نزیكترین چارەسەر بێت، بەتایبەتی كە چەند لایەنێكی كوردی و عەرەبی پاڵپشتی لێ دەكەن، بۆیە چارەسەرێكیتر نییە و تاكە گەرەنتیی گەیشتنە بە رێككەوتن و بەشداری هەمووان.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل